شانۆگەری پاسەوان نمایش دەكرێت

شانۆگەری پاسەوان نمایش دەكرێت
دوای ماوەیەكی زۆر لە داخستنی شوێنە گشتییەكان و پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندرووستییەكانەوە, لە ئێستادا نمایشكردنی شانۆگەری (پاسەوان) ڕاگەیەندرا .

شانۆگەری پاسەوان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شانۆی هەولێر بەهاوبەشی تیپی شانۆی سالار بەرهەم هاتووە, ڕۆژی پێنجشەممە 8/10/2020 كاتژمێر 5ی ئێوارە لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی شانۆی هەولێر بە ڕەچاوگرتنی ڕێنماییە تەندرووستییەكان نمایش دەكرێت, ئەم شانۆگەرییە كە ماوەی نمایشكردنەكەی 45 خولەكە, هونەرمەند (ئەرسەلان دەروێش) كاری دەرهێنانی ئەنجامداوە, هەروەها (د.دڵشاد مستەفا) دەقی شانۆگەرییەكەی نووسیوە, لەم شانۆگەرییە چەندین ئەكتەرو هونەرمەند ڕۆڵی تێدا دەگێڕن, لەوانەش هونەرمەندی بەئەزموون ئەحمەد سالار, هەروەها رەمزیە قادر, پشكۆ شێخ عەلی, دانا محەمەدو چەند ئەكتەرێكی دیكە .

لە ماوەكانی ڕابردوو دەرهێنەر (ئەرسەلان دەروێش) ڕایگەیاند كە شانۆگەری پاسەوان دووبارە كاری لەسەر كراوەو دوو شانۆی دیكەی تێدا تێهەڵكێش كراوە, كە ئەوانیش بریتین لە شانۆی(فردەوسی تەمتومان) كە لە ئاداری 2011 لە شاری سلێمانی نمایشكرا,وە(نیگای بكوژێك) كە لە نووسینی (د. دڵشاد مستەفا)یە .

ئەرسەلان دەروێش هۆكاری یەكگرتنی ئەم دوو شانۆگەرییە لەگەڵ پاسەوانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە ئەو دوو شانۆگەرییە لە هەولێر نمایش نەكراون, هەروەها وە ئاماژەی بەوەدا كە پەیوەندی بە پەیام و ناوەڕۆكی شانۆكەوە هەیە .
Top