لە داهاتوویەكی نزیكدا فیلمی(گوڵەكان ناگەشێنەوە)نمایش دەكرێت

لە داهاتوویەكی نزیكدا فیلمی(گوڵەكان ناگەشێنەوە)نمایش دەكرێت
دوای تەواوبوونی سەرجەم كارەكانی بەرهەمهێنان و مۆنتاژكردنی فیلمی (گوڵەكان ناگەشێنەوە), بڕیار وایە لە ڕۆژی سینەمای جیهانیدا لە هۆڵەكانی سینەماكانی كوردستاندا نمایش بكرێت .

فیلمی گوڵەكان ناگەشێنەوە, هونەرمەند (لوقمان غەریب) كاری سیناریۆ و دەرهێنانی ئەنجامداوە, هەروەها بەرهەمی هاوبەشی وەزارەتی ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان و ناوەندی گاڤ بۆ بەرهەمهێنانی كاری تەلەڤزیۆنی سینەمایی كوردییە .

ئەم فیلمە باس لە دوو ڕووداوی مێژوویی دەكات كە گەڕانەوەیەكە بۆ ساڵی 1988 و 2012 و نیشاندانی كارەسات و مەینەتی گەلی كورد, كە ئەوانیش ئەنفال و كیمیابارانی شاری هەڵەبجەیە .

(گوڵەكان ناگەشێنەوە) ئاوێتەی دوو ڕووداوی جیاوازی مێژووییەو باس لە ئاسەواری مەرگەسات و ئازارو ئەندێشەی دوو خانەوادەی پاشماوەی كارەساتی ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە دەكات,هەروەها ئەم فیلمە كە ماوەكەی 90 خولەكە چەندین هونەرمەند و ئەكتەر ڕۆڵی تێدا دەگێڕن لەوانەش, عەلی كەریم-سازگار فوئاد-بەهادین هەڵەبجەیی-لاوە بێستوون-شەیما ڕێبوار-جەمیل ئەحەمەد-حەسەن حەمەساڵح-ئاراز عەبدولرەحمان-شیراز جەلال و چەند ئەكتەرێكی دیكە, هەروەها لە هەڵەبجەو دەربەندیخان و چەند شوێنێكی جیاجیای كوردستان كاری وێنەگرتنی بۆ كراوە, بڕیارە ئەم فیلمە لە ڕۆژی جیهانیی سینەما نمایش بكرێت .
Top