چیرۆكێك لەسەر ئەنفال دەكرێتە فیلمێكی سینەمایی

چیرۆكێك لەسەر ئەنفال دەكرێتە فیلمێكی سینەمایی
لەلایەن كۆمانیایەكی بەناوبانگی فیلمسازی جیهانییەوە چیرۆكی بەسەرهاتی ڕاستەقینەی (تەیمور، تاكە منداڵی ڕزگاربووی كۆمەڵكوژی ئەنفال) دەکرێتە فیلمێکی سینەمایی.

ئالان هەمووان كە پرۆدیسۆرێكی فیلمسازی كوردە لە هەژماری تایبەتی خۆیدا له تۆڕی کۆمەڵاتیی (فەيسبووك) نووسیویەتی: "خۆشحاڵم بەوەی دوای چەند ساڵ كاركردنم لە چیرۆكی بەسەرهاتی ڕاستەقینەی (تەیمور، تاكە منداڵی ڕزگاربووی كۆمەڵكوژی ئەنفال)، دەرئەنجام لەبەرواری ٢٨ی٩ی٢٠٢٠. لە پێشبڕكێیەكی نێودەوڵەتیدا كەسەدان چیرۆكی نەتەوەكان تیایدا پێشكەش كرا، پاشان لەلایەن كۆمەڵێ پرۆدیسەر و سكریپت رایتەری بە ئەزموون خۆشبەختانە چیرۆكی تەیموور بەیەكەم چیرۆك هەڵبژێردرا بۆ فیلمێكی سینەمایی درێژ".

ئەم پرۆدیسۆرەی كورد لە نووسینەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە، "لەلایەن كۆمپانیای بەناوبانگ Raindance بڕوانە www.raindance.org، كەبنكەی سەرەكی لە لەندەنە و بنكەكانی تریان لەزۆربەی ووڵاتانی دنیا هەیە لەوانە (لۆس ئەنجلس، تۆرنتۆ، بەرلین و پاریس، هتد...). شایەنی باسە چوار لە چیرۆكەكان هەڵبژێردرا و لەناویاندا چیرۆكی تەیموور یەكەمین بوو، بۆ ئەم مەبەستەش وەكو پرۆدیسەری فیلمەكە بەمەبەستی هەنگاوەكانی داهاتوو بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەكە بانگهێشی تایبەت كراوم بۆ ٢٨ەمین فیستڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم رایندەنس 28th Raindance film festival لە لەندەنی پایتەخت، (ئەگەر ئەم ڤایرۆسە شومە ڕێگر نەبێت)".

لە كۆتایی نووسینەكەیشدا ئالان نووسیویەتی: "هیوادارم بتوانم خەونی خۆم و هەموو تەیموورەكان و هاوڕێ هونەرمەندەكانم بەدیبێنم كەچەندین ساڵە باس لەوە دەكەین چۆن فۆرمی ئەنفال بكرێتە فیلمێكی سینەمایی".

basnews
Top