هونەرمەند "عەباس ژاژڵەیی" کۆچی دوایی كرد
هونەرمەند عەباس ژاژڵەیی, ناوی تەواوی(عەباس مەلا مەعروف مەلا علی مەلا مەمەد چاومار)ە, لە ساڵی 1950 لە گوندی ژاژڵەی سەر بە قەزای ماوەت لەدایكبوە، قۆناغی منداڵی و سەرەتایی لە گوندی ژاژڵە تەواو كردوە و پاشان بۆ خوێندن ڕوی لە شاری سلێمانی دەكات و قۆناغەكانی تری قوتابخانەی لە سلێمانی تەواو كردوە. لە ساڵی 1970 لەگەڵ خاتو گەلاوێژ كەریم هاوسەرگیری دەكات و دەبنە خاوەنی پێنج منداڵ، دو كچ و سێ كوڕ .
ئەم هونەرمەندە یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی تیپی میللی یەكێتی نەقابەكانی سلێمانی, لە دواییدا بووە سەرۆكی تیپی شانۆیی ئاشتی و دامەزرێنەری تیپی شانۆیی (ژاژڵە و ماوەت) و سكرتێری سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان بووە, ئەم ناودارە لەبەر ئەوەی نەبووە بە بەعسی لە ساڵی 1990 لە كارەكەی دوور دەخرێتەوەو نەفی دەكرێت بۆ شاری بەسڕە, لە دواییدا دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی و لە فەرمانگەی بیناسازی دەبێتە فەرمانبەر تا ساڵی 2014 كە دوایی خانەنشین دەبێت .
هونەرمەند عەباس ژاژڵەیی وەكو ئەكتەرو وەكو دەرهێنەر لە دەیان دراما و شانۆو فیلم و كورتە فیلمدا كاری كردووە، دیارترین كارە هونەرییەكانی بریتین لە ( بوكی ژێر دەواری ڕەش، شەوێك لە ژیانی خانزاد، گڵكۆی تازەی لەیل، بوون بە خۆر، ژیلەمۆی ئەوین) و چەندین كاری دیکە .