كتێبی "وانەكانی دەف" بڵاوكرایەوە

كتێبی
هونەرمەد رابەر كوردستانی، بەرھەمی 26 ساڵەی لە بواری دەف و ژەنینی لە كتێبێكدا كۆكردووەتەوە و پێشكەشى فێرخوازانى ئامێری دەف و موزیكی كوردی كردووە. لە ماوەی یەك ساڵ كاركردن و نووسین و كۆكردنەوەی مەقاماتی تایبەت بە تەكیە و خانەقاكانی كوردستان وانەكانی دەف دەكاتە دیارییەك بۆ كتێبخانەی كوردی.

كتێبێكی تایبەت لەسەر ئامێری میوزیكی دەف لەلایەن (رابەر كوردستانی) بڵاوكرایەوە, ئەم كتێبە كە ناونیشانی (وانەكانی دەف)ی بۆ دیاری كراوە, كتێبێكە بۆ ئاشنابوون بەو ئامێرە میوزییكیەو ناساندنی نۆتەكانی دەفە, رابەر كوردستانی كە ماوەی 26 ساڵە لەم بوارەدا كاردەكات و شارەزاییەكی زۆری لەسەر ئامێری دەف هەیە, لەم بارەیەوە ڕایگەیاند كە زیاتر لە ساڵێكە توێژینەوەی لەڕووە مێژووەكەی ئامێری دەف كردووە, هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە ئەم كتێبە لەڕووی نۆتەوە سێ بەرگەو لەئێستادا تەنها بەرگری یەكەمی چاپكراوە .

لە ڕێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی ئەم كتێبە لە شاری هەولێر, هەر یەك لە بەڕێزان, فەرهەنگ غەفوور بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و ئاوازدانەر (سەید ئەحمەد) رەواندزی, بەڕێوەبەری هونەرەکانی موزیک و ژمارەیەک لە هونەرمەندان و رۆشنبیران لە شاری هەولێر, ئامادەی رێوڕەسمی واژووکردن و بڵاوکردنەوەی کتێبی (وانەكانی دەف) بوون .

كتێبی (وانەكانی دەف), بریتییە لە كۆكراوەی زانیارییەكان لەسەر ئامێری میوزیكی دەف و مێژووی ئەو ئامێرەو ناساندنی وەكو ئامێرێكی میوزیكی كوردی بۆ فێرخوازانی دەف, هەروەها كۆكردنەوەی مەقاماتی تایبەت بە خانەقاو تەكیەكان بە نۆتەكردنی, ئەم كتێبە لە نووسین و ئامادەكردنی هونەرمەندی دەفژەن رابەر كوردستانییە, وە بە پاڵپشتی بەشی هونەرەكانی میوزیك سەربە بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر چاپ كراوە .
Top