خانمە شاعیر (لەیلا خۆشناو) كۆچی دوایی كرد
لەیلا مستەفا, ناسراو بە لەیلا خۆشناو لە ساڵی 1963 لە شارۆچكەی شەقڵاوە لە دایك بووە, قۆناغی سەرەتایی و ناەوندی هەر لە شەقڵاوە تەواو كردووە, لە دواییدا ڕوو دەكاتە شاری هەولێرو لە ساڵی 1980-1981 بەشی دەروونزانی منداڵان تەواو دەكات, ئەم خانمە هەر لە تەمەنی منداڵییەوە حەزو خولیای دەچێتە سەر شیعرو میوزیك و گۆرانی, لەیلا خۆشناو یەكێك بووە لە ئەندامانی تیپی مۆسیقای سەفین .
لەساڵانی هەشتاكانەوە دەستی كردووە بە نووسینی شیعر و چەندین بەرهەمی شیعری بڵاوكردەوە, ساڵی 2005 لەسەر دەستی (ئەنوەر مەسیفی) هەشت هۆنراوەی بۆ منداڵان لە گۆڤاری نووسەری نوێ بڵاوكردەوە, ئەم خانمە وەكو مامۆستایەك لە قوتابخانەو وەكو شاعیر زۆر گرنگی بە منداڵان دەدا, زۆربەی بەرهەمە شیعرییەكانی بۆ منداڵان دەنووسییەوەو خەون و ئاواتی منداڵ بووە ڕەنگی شیعرەكانی, لەیلا خۆشناو جگە لەوەی كە مامۆستا بوو, شیعرەكانی لە چەند گۆڤارو ڕۆژنامەیەك بڵاودەكردەوە, خاوەنی دوو نامیلكەی شیعرییە بەناوی باخچەی گوڵەكان لە ساڵی 2009, وە نامیلكەی دووەمیشی بە ناوی دیاری 2011, وە ئێستا دوو نامێلكەو چەندین بەرهەمی نوێی ماون كە هێشتا چاپ نەكراون, هەروەها بەرهەمێكی شیعری خراوەتە ناو مەنهەجی خوێندنی پۆڵی دووی بنەڕەتی بە ناوی ساڵی نوێمان پیرۆزە .