دیانا كەرەزۆن بەبێ ئاهەنگ هاوسەرگیری كرد
دیانا كەرەزۆنی تەمەن 36 ساڵ , لەگەڵ ڕۆژنامەنووس و میدیاكاری بەناوبانگی عەرەبی(مەعاز ئەلعومری) بەبێ ئاهەنگ هاوسەرگیرییەكەیان ئەنجامدا .
لە سەرەتای ئەمساڵ ئەم دوو ناودارە هەنگاوی یەكەمیان بڕی و ئەڵقەی دەستگیرانییان گۆڕیەوە , بەڵام بەهۆی مەترسی لە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا ئاهەنگی هاوسەرگیرییەكەیان دواخست بۆ ئەو كاتەی كە بارودۆخەكە هێور بێتەوە, بەڵام شەوی دووشەممە 14/9/2020 دیانا كەرەزۆن لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئەنستگرام پۆستێكی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەدا ئەوان هاوسەرگیری دەكەن بێ ئەوەی ئاهەنگ سازبكەن .
لە ئێستادا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چەند وێنەو گرتە ڤیدیۆیەك بڵاوبووەتەوە لە ئاهەنگی هاوسەرگیری ئەم دوو ناودارە كە دەردەكەوێت ئەوان كەسیان بانگهێشت نەكردووەو ئەوەی لەو ئاهەنگە ئامادەبووە تەنها كەسە زۆر نزیكەكانی خۆیانن, كە بەمەش ئاهەنگەكە بە شێوازی خێزانی بەڕێوەچوو و نزیكەی بیست كەس ئامادەی ئەو ڕێوڕەسمەبوون .
هەرلەگەڵ بڵاوبوونەوەی وێنەو گرتە ڤیدیۆكانی ئەم ئاهەنگە, لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بەشێك لە ڕۆژنامەكان هەواڵی ئەوە بڵاوبوویەوە كە گوایە پێش كۆتایی هاتنی ئاهەنگەكە هێزی ئەمنی ئوردنی هەڵیكوتاوەتە شوێنەكەو "مەعاز ئەلعومری" یان دەستگیركردووە, بەو پێیەی كە لەم سەردەمەی كۆرۆنایە ئەو پابەند نەبووە بە ڕێنماییە تەندرووستییەكان و هۆكاربووە بۆ ئەو گردبوونەوەیە, بەڵام لەدواییدا زاوا دێتە دەنگ و بۆ وەڵامدانەوەی میدیاو ڕۆژنامەكان, لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پۆستێك بڵاودەكاتەوەو ئاماژە بەوە دەدات كە ئەو لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بانگهێشت كراوە بۆ ڕوونكردنەوە لەو ئاهەنگەو دیاریكردنی ئامادەبوان لە ڕووی ژمارەیانەوە وە هێزە ئەمنییەكان لە شوێنەكە كۆڵینەوەو ئێستا هەموو شتێك ئاساییە, هەروەها دەلێت كە ئەمەش دەستگیركردن پێ ناوترێ .
دیانا كەرەزۆن لە 30ی ئوكتۆبەری 1983 لە كوێت لەدایك بووە بەڵام لە ئوردن ژیانی بەسەر بردووە, سەرەتای دەركەوتنی دیانا دەگەڕێتەوە بۆ دوای بەشداری كردنی لە پڕۆگرامێكی پێشبڕكێی دەنگی لە ساڵی 2003 كە لەو پڕۆگرامە پلەی یەكەمی بەدەست هێناو نازناوی سوپەر ستاری عەرەبی پێ بەخشرا, دیانا كەرەزۆن كە دایكی كوردەو خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستانە, خاوەنی پێنج ئەلبۆمی گۆرانی و چەندین ڤیدیۆ كلیپی گۆرانییە, هەروەها بەشداری لە دوو زنجیرە درامادا كردووە .