پەیكەرێك بۆ هونەرمەند عەتا چاوشین درووستكرا

پەیكەرێك بۆ هونەرمەند عەتا چاوشین درووستكرا
دوێنێ چوارشەممە بەرواری 9/9/2020 لە شاری سلێمانی پەردە لەسەر پەیكەری هونەرمەندی دیاری كورد (عەتا چاوشین) لادرا .

لە مەراسیمێكی شایستەدا بە ئامادەبوونی هاوژین و خانەوادەی خوالێخۆشبوو وە پارێزگای سلێمانی و وەزیری ڕۆشنبیری و ژمارەیەك لە هاوڕێ و هونەرمەندان, پەردە لەسەر پەیكەری هونەرمەند(عەتا چاوشین) لادرا .

دوای پەردەلادان لەسەر پەیكەری ئەم هونەمەندە, چەندین هۆنراوەو گۆرانی و لاوانەوە بۆ ڕوحی شادی(عەتا چاوشین) گووترا, ئەم پڕۆژەیە لەسەر ئەركی دكتۆر تەها رەسول و كۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت جێبەجێ كرا, هەروەها ئەم پەیكەرە لەلایەن پەیكەرساز(چێنەر نزار) درووست كراوەو لە باخچەی شاری سلێمانی دانرا, كە ئەو باخچەیەش وەكو ڕێزلێنانی لە خزمەتی (40) ساڵەی بەناوی هونەرمەند "عەتا شاوشین"ەوە نرا .

هونەرمەند (عەتا ئەمین) ناسراو بە عەتا چاوشین لە ساڵی 1961 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە, لەساڵی 1978 دەست دەكات بە تۆماركردنی گۆرانی, دەركەوتنی لەناو هونەری گۆرانی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی هەشتاكان, لە دواییدا ئەم گۆرانیبێژە پەرە بە هونەرەكەی دەدات و وەكو ئاوازدانەر و شاعیرو مەقامبێژ دەبێتە ناودارێك كە ڕێچكەیەكی تایبەت بەخۆی درووست دەكات, ئەویش بە خزمەتمەتكردنی گۆرانی میوزیكی ڕەسەنایەتی كوردی كە توانی دەنگی میزیكی كوردی لە بەرهەمەكانیدا بە زیندوویی ڕابگرێت.
ئەم هونەرمەندە دوای ئەوەی تووشی پەتای كۆرۆنا بوو باری تەندرووستی تێكدەچێت, كە بەم هۆیەوە چەند ڕۆژێك لە نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە تووشبوانی كۆرۆنا لەژێر چاودێری دەمێنێتەوە بەڵام لە 22/6/2020 كۆچی دوایی دەكات .
Top