رەفیقی وێنەگر كۆچی دوایی كرد
جەمال ساڵح، سەرۆکی کۆمەڵەی وێنەگرانی کوردستان - لقی سلێمانی رایگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ رەفیق مەحموود ناسراو بە ڕەفیقی وێنەگر بە نەخۆشی درێژ خایەن کۆچی دوایی کرد، خولێخۆشبوو برای محەمەد قودسی بوو، لە خۆشەویستی پیشەكەی و پاراستنی ئەرشیفی سلێمانی ماڵەکەی خۆی کردووە بە گەلەری وێنەکانی".
رەفیقی وێنەگر لە ساڵی 1932 لە گەڕەكی گۆیژەی شاری سلێمانی لە دایكبووە و لە ئامێزی خێزانێكی خوێندەوارو نیشتمانپەروەردا پەروەردە بوو. هەر لە منداڵییەوە بەهۆی مەحموود ئەفەندی رەسامی باوكییەوە، بە كامێراو فۆتۆ ئاشنا بوو، چونكە باوكی بە فۆتۆگرافەرە پێشەنگ و دێرینەكانی شاری سلێمانی دادەنرێ، ئەو دوای جەنگی یەكەمی گێتی، بەخۆی كامێراكەیەوە لەناو سوپای عوسمانییەوە بۆ شاری سلێمانی گەڕایەوەو كاری فۆتۆگرافەری كردە خولیاو سەرچاوەی بژێویی ژیانی، بەوەش ئەو پیشەیە لای رەفیقی كوڕی خۆشەویست دەبێت و درێژەی پێدەدات.
بەهۆی ئەوەی محەمەد قودسی برای لەگەڵ سێ ئەفسەری دیكەدا بەشداری كۆماری كوردستان لە مەهاباد دەكەن و دوای روخانی كۆمار دەگەڕێنەوە عێراق، لە 19ی حوزیرانی 1947 لەلایەن رژێمی پاشایەتییەوە لەسێدارە دەدرێن و دواتریش خانەوادەكەی نەفی دەكرێن بۆ شارەكانی هەولێرو كۆیە و رواندز، ئیدی رەفیق دەرفەتی خوێندنی لەدەست دەچێ و خۆی بۆ كاری فۆتۆگرافەری تەرخان دەكات.
رەفیقی وێنەگر، ساڵی 1954 لە شاری سلێمانی و لە نزیك سەرا ستۆدیۆیەكی بەناوی خۆیەوە داناوە و بە كاری فۆتۆگرافییەوە سەرقاڵ دەبێت، ئەرشیفی وێنەیی باوكی دەوڵەمەندتر دەكات.
ساڵی 1962 پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلولەوە دەكات و دەبێتە پێشمەرگە، لە ژیانی پێشمەرگایەتیش بایەخ بەهونەری وێنەگرتن دەدات و چەندین وێنە و ڤیدیۆی جوان و ناوازەی ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕشدا دەگرێت. دوای پێشمەرگایەتی و هاتنەوەی بۆ ناوشای سلێمانی لەسەر كاری فۆتۆگرافەری بەردەوام دەبێ و زۆربەی تەمەنی خۆی بەو كارە پیرۆزە دەبەخشێت.
رەفیقی وێنەگر نزیكەی نیو ملیۆن وێنەی جیاجیای سەرانسەری كوردستان هەیە و نزیكەی 34 هەزار جامی وێنەی نەشۆراوەی هەیە.
kurdistan24