كچه ده‌رچووییه‌كی زانكۆ ده‌یه‌وێت به به‌هره‌كه‌ی ژیان تاقیبكاته‌وه
خه‌ڵات، دوای كاركردنی به فلچه و بۆیه و كێشانی ژماره‌یه‌ك تابڵۆ، وه‌ك شێوه‌كارێك بیری له‌وه كردووه‌ته‌وه، تابڵۆكانی له رێی سۆشیال میدیا بفرۆشێت بۆ ئه‌وه‌ی لانیكه‌م، پاره‌ی ره‌نگ و تێچووی تابڵۆكانی بۆ بگه‌ڕێته‌وه.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته خه‌ڵات هه‌ژمارێكی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك كردووه‌ته‌وه و له‌پاڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی تابڵۆكانی نرخیان له‌سه‌ر داده‌نێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر كڕیارێكی لێ هه‌ڵبكه‌وێت له رێی دیلیڤه‌رییه‌وه تابڵۆكه‌ی بۆ ره‌وانه بكات.
لەم بارەیەوە خه‌ڵات دەڵێت: هه‌رچه‌نده كاره‌كانی ساده بن، به‌ڵام هه‌ڵگری خه‌ون و هیوای زۆرن بۆ داهاتوو.
هەروەها ئه‌و گوتیشی: ئه‌وه‌ی له تابڵۆكاندا ده‌رده‌كه‌وێت، ره‌نگه دووباره‌كردنه‌وه‌یه‌كی خۆم بێت به جۆرێك كه ره‌نگ و وێنه‌كان ده‌دوێن و هه‌ریه‌كه‌یان چیرۆكێكی هه‌یه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، خه‌ڵات باسی له بیرۆكه‌ی خۆی و براكه‌ی كرد و گوتی: بیرمان له‌وه كردووه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر له رێی سۆشیالمیدیاوه سه‌ركه‌وتوو نه‌بووین، برا بچووكه‌كه‌م تابڵۆكان له بازاری هه‌ولێر نمایش بكات و به نرخێكی هه‌رزان دایان بنێین بۆ فرۆشتن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم له‌و كاره‌م به‌رده‌وام بم.
ئه‌و روونیشیكرده‌وه، پێویستی ماددی و هه‌لومه‌رجی شیاوی بۆ كاری هونه‌ره‌كه‌ی له‌به‌رده‌ستدا نییه، بۆیه هه‌ندێكات ئه‌گه‌ر بۆیه‌ی ته‌واو بێت، ناچار ده‌بێت چاوه‌ڕێی فرۆشتنی تابڵۆكانی بكات تا بتوانێت بۆیه‌ی پێ بكڕێته‌وه و كاری نوێ بكات.
K24