چۆپی فەتاح گۆرانییەكی لاورا پاوزینی دەڵێتەوە

چۆپی فەتاح گۆرانییەكی لاورا پاوزینی دەڵێتەوە
خانمە هونەرمەندی كورد (چۆپی فەتاح) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئەنستگرام بە گۆرانی (strani amori) دەركەوتەوە كە ئەمەش بەرهەمی ئەستێرەی ئیتاڵی (لاورا پاوزینی)یە لەساڵی 1993 تۆماری كردووە, جگە لە بڵاوكردنەوەی ئەم گۆرانییەی پاوزینی و ئاماژەدانی بە ناو و ناونیشانی گۆرانییەكە, لە چەند ڕۆژی ڕابردوو چۆپی فەتاح چەند وێنەیەكی خۆی بڵاوكردەوە كە تێیدا لە یەكێك لە گەشتەكانیدا تۆماری كردبوو لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا .

لاورا پاوزینی لە 16/5/1974 لە ئیتاڵیا لە دایك بووە, ئەم خانمە كە زیاد لە 70 گۆرانی بەشێوەی سینگڵ بڵاوكردووەتەوە, وە تەنها 13 ئەلبۆمی گۆرانی لە نێو ستۆدیۆوە تۆماركردووە جگە لە كۆكراوەی بەرهەمەكان و كۆنسێرت و ڤیدیۆ ئەلبۆمەكانی .

ئەم خانمە گۆرانیبێژە یەكەم گۆرانی بەناوی(la solitudine) لە ساڵی 1993 بەشێوەی ڤیدیۆ كلیپ بڵاویكردەوە, كە ئەو گۆرانییەش یەكێك بوو لە ئەلبۆمە هەشت تراكییەكەی كە هەر لەو ساڵەدا ئەلبۆمەكەی ڕێزبەندی شەشەمی بەدەست هێنا لەسەر ئاستی ئیتاڵیا, وە لەسەرانسەری جیهان ئەم ئەلبۆمە سێ ملیۆن كۆپی لێ فرۆشراوە, لاورا پاوزینی زیاتر بەوە دەناسرێتەوە كە گۆرانییەكانی هەڵگری ستایڵێكی تایبەت بە خۆیەتی و بە شێوازی پۆپ گۆرانییەكانی تۆماردەكات, هەروەها لە نێو ئەلبۆمەكانیدا چەند زمانێكی بەكار هێناوە كە بەمەش توانی لەسەرانسەری جیهان هەوادار كۆبكاتەوە لەوانەش زمانی ئیسپانی و ئیتاڵی و ئینگلیزی و لاتینی, ئەم كۆششەی لە هونەری گۆرانیدا بووە هۆی ئەوەی كە چەندین خەڵاتی جیهانی بە دەست بهێنێت ببێتە ئەستێرەیەكی جیهانی .
Top