جیابوونەوەی ئەنغام لە هاوسەرەكەی و چەند زانیارییەك
خانمە هونەرمەدو گۆرانیبێژی میسری (ئەنغام)ی تەمەن 48 ساڵ و میوسیزیانی میسری (ئەحمەد ئیبراهیم)ی تەمەن 37 ساڵ, كۆتاییان بە پڕۆسەی هاوسەرگیرییەكەیان هێنا .
دوای نزیكەی چوار مانگ لە كێشەو ناكۆكییان پەیوەندی ئەنغام و ئەحمەد ئیبراهیم بە شێوەیەكی فەرمی بە جیابوونەوە كۆتایی پێهات, ئەم جیابوونەوەیە هەر لەگەڵ كردنەوەی دەرگای دادگاكان دەستی پێكرد كە ماوەی چەندین مانگ بە هۆی مەترسی لە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا چەندین دامودەزگا لە وڵاتی میسر داخران .
ئەگەر چی لە ڕابردوودا چەند جارێك دەنگۆی جیابوونەوەیان بڵاودەبووەوە بەڵام ئەمجارە بەشێوەیەكی فەرمی جیابوونەوەیان ڕاگەیەندرا, بەم هۆیەوە ئەحمەد ئیبراهیم وێنەیەكی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئەنستگرام بڵاوكردەوەو لەسەر وێنەكە نووسیویەتی: (ئامادەم بۆ وەرزێكی نوێ), هەروەها ئەحمەد بەشێك لە وێنەكانی خۆی و ئەنغامی لە هەژمارەكەی لاداوە تەنها چەند دانەیەك نەبێت هێشتا لە ئەكاونتەكەی ماون, بەڵام ئەنغام لە هەژمارە تایبەتییەكەی لە ئەنستگرام سەرجەم وێنەكانی خۆی و ئەحمەدی لاداوە ئەوەشی كە ماونەتەوە تەنها وێنەی تایبەتی خۆیەتی لە ئاهەنگ و كۆنسێرتەكانی و چەند وێنەیەكی هونەرمەندانی دیكەیە .
لەلایەكی تریشەوە لە ڕۆژنامە عەرەبییەكانەوە هاتووە كە سەرچاوەیەكی نزیك لە ئەحمەد ئیبراهیم ڕایگەیاندووە, ئەم میوزیسیانە هەوڵی داوە كێشەكان بەبێ دەنگی چارەسەربكرێن, بەڵام ئەنغام پێداگری لە جیابوونەوە كردووە, بۆیە هەموو هەوڵەكانی ئەحمەد ئیبراهیم بۆ چارەسەری كێشەكان شكستی هێناو كۆتاییەكەی گەیشتە جیابوونەوە ئەویش بەهۆی سووڕبوونی ئەنغام لەسەر بڕیارەكەی, هەر لەم سەرچاوەیەوە ئەوەش هاتووە كە هۆكاری جیابوونەوەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هاوسەرگیرییەكەیان چونكە هەر لەوكاتەوە عومەر كوڕە گەورەی ئەنغام لەگەڵ ئەو هەنگاوەی دایكی نەبوو وە لەگەڵ ئەحمەد ئیبراهیم هاوڕا نەبووە .