هونەرمەند ئەرسەلان دەروێش باری تەندرووستی جێگیرە
هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوو (ئەرسەلان دەروێش) لە فەیسبووك پۆستێكی بڵاوكردبووە كە تێیدا سوپاسگوزاری هاوڕێیان و هەموو ئەو كەسانەی كرد كە لە كاتی تووشبوونی بە پەتای كۆرۆنا لە باری تەندرووستیان دەرپرسییەوە, وە ئاماژەی بەوەدا ئەو ئێستا باری تەندرووستی باشترەو دوای زیاتر لە دوو هەفتە لە وەرگرتنی چارەسەرییە تەندرووستییەكان توانی بەسەر ئەو پەتایە زاڵ بێت هەروەكو هونەرمەند خۆی ڕایگەیاند ئەو ئێستا بەرەو چاكبوونەوەی یەكجاری دەچێت, هەروەها لە بەشێكی دیكەی نووسینەكەیدا مامۆستا ئەرسەلان سوپاسگوزاری هاوژینەكەی كرد كە بە هاوكاری و پاڵپشتیی توانی ئەو قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت .
ئەرسەلان دەروێش یەكێكە لە شانۆكارە بە ئەزموونەكان وە لە هەردوو بواری شانۆ و زنجیرە درامادا كاری كردووە, وەكو دەرهێنەر كاری لە چەندین شانۆدا كردووە كە دیارترینیان بریتییە لە شانۆی (تاریکتر لە شەوە زەنگ), وە شانۆی (دوژمنی گەل)كە یەكێكە لە بەناوبانگترین دەقەكانی نووسەری نەرویجی هینریك ئیبسن, بڕیاربوو ئەم هونەرمەندە شانۆی (پاسەوان) نمایش بكات كە هەموو ئامادەكارییەكی بۆ ئەنجام درابوو بەڵام بە هۆی مەترسی لە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا نمایشكردنی دواخرا بۆ كاتێكی نادیار .