ئاوێنە لە بەرگی ئەلبۆمە گۆرانییەكانی ئەلیسا

ئاوێنە لە بەرگی ئەلبۆمە گۆرانییەكانی ئەلیسا
بڵاوكردنەوەی وێنەی بەرگی ئەلبۆمی گۆرانی واتا تەواو بوونی كارەكان و نزیكبوونەوە لە بڵاوكردنەوەی ئەلبۆمەكە..خانمە گۆرانیبێژی لوبنانی (ئەلیسا)ی تەمەن 47 ساڵ, بۆ نوێترین ئەلبۆمی گۆرانی كە بڕیارە بەم نزیكانە بڵاوی بكاتەوە, سوپرازێكی بە هەوادارانی ڕاگەیاند, ئەلیسا وێنەیەكی جیاوازی لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی ئەنستگرام بڵاوكردەوە كە لە وێنەكەدا لە بەرامبەر ئاوێنەیەك وەستاوە بەڵام شێوەی دیار نییە بەڵكو پشتی لە ئاوێنەكەوە دەركەوتووە .

ڕەنگە ئەم ستایڵە شتێكی نوێ نەبێت یاخود پەیامێك بێت كە پێگەو ڕۆڵی ئافرەت نیشان بدات لەلایەن ئەو خانمە هونەرمەندەوە, چونكە بیرۆكەی ئەم وێنەیە لە تابلۆیەكی هونەرمەندی جیهانی (رینێ ماگرێت)ەوە وەرگیراوە كە ناونیشانەكەی بریتییە لە (not to be reproduced) وە ساڵی 1937 كێشراوە .

ئەلیسا یەكێكە لەو خانمانەی كە هەمیشە پاڵپشتی ئافرەتی كردووەو پێگەو ڕۆڵی ئافرەتی بەرز ڕاگرتووە .

بەكارهێنانی ئاوێنە لە وێنەو بەرگی ئەلبۆمەكانی ئەلیسا شتێكی نوێ نییە, لە ئەلبۆمی گۆرانی (ايامي بيك) ساڵی 2007 وێنەیەكی بڵاوكردەوە كە بەشێكی ڕووخساری لە نێو ئاوەو بەشەكەی دیكەی لەسەر ئاوەكە وەكو ئاوێنە دەردەكەوێت, وە ساڵی 2014 لە ئەلبۆمی (حالة حب) ئەلیسا دیسانەوە چەند وێنەیەكی بڵاوكردەوە كە لە سەرجەمیان ئاوێنەی بەدەستەوە بوو لە ئاوێنەكەوە ڕووخسارو شێوەی بەدیار دەكەوت .

ئەلیسا دوای شەش ساڵ لە نوێترین ئەلبۆمی گۆرانیی كە بڕیارە بەم نزیكانە بڵاوی بكاتەوە, هەمان ئەو ستایلانەی بەكار هێناوەو ئاوێنەی كردووەتە سەرچاوەیەك بۆ نیشاندانی شێوەی بە هەوادارەكانی, بەڵام ئەمجارەیان پێچەوانەی وێنەكانی دوو ئەلبۆمی ڕابردووی شێوەو ڕووخساری دەرنەچووە, كە بەمەش بەشێك لە هەوادارانی ڕەخنەی ئەوەیان ئاراستە كردووە كە ئەلیسا شتێكی نوێی نەكردووەو هەمان ستایڵەكانی ێشووی دووبارە دەكاتەوە .
Top