بۆ یەكەم جار ڕووداوەكەی ماڵی نانسی عەجرەم دەكرێتە فیلم
ئەم فیلمە دیكۆمێنتارییە چەند دیویكی شاراوەو باسنەكراوی ڕووداوەكەی ماڵی نانسی عەجرەم نیشان دەدات, وە بەپێی ئەوەی كە لە ڕۆژنامەكانەوە هاتووە, لەم فیلمەدا هەریەك لە نانسی و فادی لێدوانی خۆیان ئەدەن و ڕاستی ڕووداوەكان باس دەكەن, وە كەسێكی دیكە تێیدا دەردەكەوێت كە ڕۆڵی محەمەد موسا دەبینێت ئەو كەسەی كەلە ماڵەكەی نانسی كوژرا, وە لە چەند سەرچاوەیەكی نافەرمییەوە هاتووە كە كەسوكاری كوژراوەكەش لەو فیلمەدا دەردەكەون .
ئەم فیلمە دیكۆمێنتارییە كە ناونیشانی(الرواية الكاملة)ی بۆ دیاری كراوە, باس لە ڕووداوی تەقەكردنەكەی ماڵی نانسی عەجرەم دەكات وا لەماوەكانی ڕابردوو كەسێكی دەمامكدار بە ناوی (محەمەد موسا) هەڵیكوتایە ماڵەكەی نانسی و لە دواییدا كوژرا, بە شێوەیەك (فادی هاشم)ی هاوژینی نانسی عەجرەم هەڵدەستێت بە تەقەكردن لەو كەسەو دەستبەجێ گیان لەدەست دەدات, وە لە دواییدا بە پێی ڕاپۆرتی پزیشكی دادی دەردەكەوێت كە محەمەد موسا ئاسەواری 16 فیشەك بە جەستەیەوە دیار بووە, ئەم هەواڵە بووە مایەی زۆر باسكردنی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و چەندین چیرۆك و لێكدانەوەی جۆراوجۆری لەسەر درووستكرا .
لە لایەكی تریشەوە خانمە پارێزەرێك بەناوی (د.ڕیهاب مەمدوح بەیتار)لە سەرەتای درووستبوونی ئەم ڕووداوەوە هەستا بە دەرخستنی چەند ڕاستییەك لە پێناو بەرگری كردن لە خوێنی ئەو كوژراوە كە ئەمەش چەند مانگێكی خایاندو سەرجەم ووردەكاری و زانیارییەكانی لە ئەكاونتی خۆی لە توەیتەر بڵاودەكردەوە جگە لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەكانی, ڕیهاب بەیتار تا دوایین خاڵ بەدوای ئەم كەیسەوە بوو و نەوەستا, بەڵام دواجار باوكی كوژراوەكەوە لە كورتە ڤیدیۆیەكدا سوپاسگوزاری خۆی بۆ ئەو خانمە پارێزەرە ناردو دوورخستەوەی لەو كەیسە ڕاگەیاند, كە بەمەش بابەتەكە لە ڕۆژنامەو میدیاكاندا بە داخراوی مایەوە .