هونه‌رمه‌ندوراگەیاندکار شێرزاد عەبدولڕەحمان كۆچی دوایكرد

هونه‌رمه‌ندوراگەیاندکار شێرزاد عەبدولڕەحمان كۆچی دوایكرد
توانیوویەتی 24 کتێب پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی بکات
ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی تەمووزی ٢٠٢٠، هونه‌رمه‌ند وراگەیاندکار شێرزاد عەبدولڕەحمان له‌ شاری هه‌ولێر به‌ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌كۆچی دوایكرد.
ناوی تەواوی (شێرزاد عەبدولڕەحمان مامە) یە، لە عەشیرەتی نانەکەلییە، ساڵی 1958 لە گەڕەكی (تەیراوە) ی شاری هەولێر لە دایک بووە، خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی زانین تەواو کردووە، بەهۆی دۆخی نالەباری ئەوکات و شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کورد و زیرەکی خۆی پۆلەکانی یەکەم و دووەم و سێیەمی نەخوێندووە ڕاستەوخۆ بەشداری لە ئەزموونەکانی چوارەمی سەرەتایی کردووە و توانیوویەتی سەرکەوتوو بێت، ئەمەش لەسەر دەستی شەهید یوسفی دەربەدەری برای، ناوەندی و دوا ناوەندی لە قوتابخانەی کۆماری بووە، شێرزاد عەبدولڕەحمان دەنگێکی ڕەسەن لە موزیک و گۆرانی، قەڵەمێک بوێر لە نووسینی وشەی جوان، 46 ساڵ لە خزمەت ڕۆژنامەگەریی کوردی دا، ھونەرمەند و ڕۆژنامەنووسی (شێرزاد عەبدولڕەحمان) ساڵی 1970 لە ڕادیۆی كوردی بەغدا بە گۆرانی (دۆستە دۆستە) خۆی خزاندە نێو ھونەر و موزیک، پاشان چەندین گۆرانی دیکەی بڵاوکرایەوە و ناوبانگی دەرکرد، ساڵی 1972 لە ئاھەنگێکی ھۆڵی گەل لە ھەولێر یەکەم سروودی بۆ (بارزانی نەمر) چڕی و دەمانچە و نیتاقی سەربازی خۆی پێبەخشی، پاشان لەسەر خواستی (فارس باوە) بۆ ئاھەنگێکی تایبەتی (بارزانی) لە نێو (پردان) بانگھێشت دەکرێت، دواتر گۆرانی (لیمۆ ھەی لیمۆ) بۆ ڕادیۆ و تەلەفزیۆن تۆمار دەکات، جگە لەوەش وەک بچووکترین ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەی ھاوکاری و گۆڤاری ڕەنگین سەدان ڕێپۆرتاژ بڵاودەکاتەوە، ناوبراو خاوەن برایەکی شەھیدە بە ناوی (یوسف دەربەدەر) کە ھەم ڕۆژنامەنووس بوو ھەم شاعیر یەکێک لە دۆستە ھەرە نزیکەکانی (شەھید ئیدریس بارزانی) و لەسەر ھەڵوێستەکانی بەرامبەر بە حیزبی بەعس لە سێدارە درا و تا ھەنوکەش تەرمەکەی نەدرایەوە خانەوادەکەی)، شێرزاد عەبدولڕەحمان لە ئەزموونی 46 ساڵی تەمەنی ڕۆژنامەنووسی خۆیدا توانیوویەتی 24 کتێب پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی بکات، (9) بەرگیش لەو کتێبانەی نووسیوویەتی لەسەر یاوەرانی (بارزانی نەمر) بووەو بە ناونیشانی (ژیان و بەرخۆدان)، ھاوکات یەکێک لە کتێبەکانی لە بارەی ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە وەک مەنھەجێک لە کۆلێژ دەخوێندرێت، کتێبی (دڵدار)ـی شاعیریش بۆ چەند جارێک چاپ دەکرێتەوە، دوا بەرھەمیشی لە نووسینی کتێبدا بە ناونیشانی (فەلەکەدین کاکەیی دوور لە سیاسەت) بووە کە بە ھەردوو زمانی (عەرەبی و کوردی) نووسراوە، ماوەی زیاتر لە 10 ساڵیش وەک بەرپرسی نووسینگەی ھەولێر لە ڕۆژنامەی (الشرق الاوسگ)ـی لەندەنی کاریکردووە و ڕۆژانەش بابەتەکانی کراوە بە مانشێتی ئەو ڕۆژنامەیە کە پڕبوون لە ھەواڵی گەرمی کوردستان و پڕۆسەی ئازادی لە عێراق، ئەو دۆستایەتی نزیکی لەگەڵ سەرکردە کوردەکان ھەیە و چەند جارێکیش لە خزمەت جەنابی سەرۆک (مەسعود بارزانی) بووە، سەرۆک بارزانیش چەند جارێک گوتویەتی: (تۆ تاکە قەڵەم و تاکە بڕوای پارتی و وشەی کوردی یەکەم ڕۆژنامەنووس نەبی دووەمینی چونکە لە دوای تۆ ڕۆژنامەنووسی تر شک نابەم، لە مێژووی کاری ڕۆژنامەنووسی خۆیدا چەندین بەرپرسیارێتی پێدراوە لەوانەش (ڕاوێژکاری وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان ) لە کابینەی پێنجەم و شەشەمدا)، سەرنووسەری گۆڤاری (ھەرێمی کوردستان) و بەڕێوەبەری نووسینی ڕۆژنامەی (ھاوکاری و خەبات و برایەتی) و گۆڤاری (گوڵان) بۆ ماوەی 20 ساڵ دواكاريشی بەڕێوەبەری نووسینی ڕۆژنامەی (ھەولێر)ـی سەر بە دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، گۆشە ڕەنگینەکەی (دەردە دڵ) لە ڕۆژنامەی هةوليَر ، تەمەنی ئەو گۆشەیە گەیشتووەتە (30) ساڵی تەواو گرنگی بە خەمی هاوڵاتیان دەدا .

شێرزاد عەبدولڕەحمان ساڵی 1984 لەگەڵ هونەرمەندی بواری شانۆ جیهان ئەحمەد ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و خاوەن 6 منداڵە 3 کوڕ و 3 کچ، بە ناوەکانی (ئیڤان - شیڤان - سۆنیا - ئالان - سۆلین - وارڤان)، جیهان ئەحمەد دەكاتە خوشكی هونەرمەندان (جەلال بەیار و جەمال دیلان) .
Top