ماندالا..ئەو هونەرەی مرۆڤ ئارام دەكاتەوە
هونەری ماندالا..ئەو هونەرەیە كە ئەوەندە پێویستی بە شارەزایی زۆر نییە و كەسەكە دەتوانێت وێنەكانی بكێشێت ئەویش ئەگەر توانی كاتێكی زۆر تەرخان بكات, لە هونەری ماندالا وێنەكێشەكە بەردەوام دەبێت لە نەخشاندن و هەر ئەوەندە سەر هەڵبڕێت دەبینێ كە لەكۆتاییەكەیدا وێنەیەكی پڕ لە نەخش و هێڵكاری كێشاوە بێ ئەوەی هەست بە ماندوویی بكات, بۆیە كات بەسەر بردن لە نەخشاندنی وێنەیەك دەبێتە هۆی ئارام بوونەوەی مرۆڤەكەو دوور كەوتنەوەی لە دڵتەنگی و كێشەكانی .
مێژووی هونەری ماندالا دەگەڕێتەوە بۆ هیندۆس و بودییەكان كاتێك بەم شێوەیە گوزارشتیان لە جیهانی میتافیزیقیا دەكرد, سەرەتای درووست بوونی ئەم هونەرە دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی تبت وە لەدواییدا تەشەنەی سەندو لەهەموو جیهاندا بڵاوبوویەوە, ووشەی ماندالا لە زمانی (سنسكریتی) درووست بووە كە ئەویش بەمانای بازنە یاخود شێوەیەكی بازنەیی دێت, وەلە ئێستادا ووشەی ماندالا بووەتە زاراوەیەك بۆ هەموو جۆرە نەخشاندنێكی لەو جۆرە كە لە وێنەكاندا دەبینرێت ئینجا بەهەر شێوەیەكی بێت .
لەناو ئەم بازنەیەدا وێنەكێشەكە لەوپەڕی ئارامی و بێدەنگی دەبێت وە چەند بازنەكەكان لەناو یەكدا دووبارە ببنەوە وە چەند نەخشەكان زیاتر بن وێنەكێشەكە زیاتر لەناخیدا ئارامی و بێدەنگی درووست دەبێت, كە ئەمەش وا دەكات دوای تەواوبوونی وێنەكە هەست بە پەیوەندی نێوان وێنەكێشەكەو بازنەكەی بكەین و ببێتە بازنەیەكی پڕ لە نەخش و دڵڕفێنەر, هەر بۆیەش لە ڕووی دەروونیەوە لەبەر ئەوەی هونەری ماندالا جۆرێك لە ئارامی و دڵخۆشی دەبەخشێت لە ڕووی زانستییەوە سەڵمێندراوە كە ئەم هونەرە چارەسەری دڵەڕاوكێ دەكات و ڕێگایەكە بۆ دەرچوون لە ناخۆشییەكانی ژیان .
شێوازی كاركردن لەسەر وێنەیەكی ماندالا
بەگشتی هەر وێنەیەك لەهونەری ماندالا سەرەتا لە بازنەیەكەوە دەست پێدەكات, ئەویش بە شێوەیەك كاتێك كە بمانەوێ وێنەیەك بكێشین پێویستە ئەو خاڵە لەبەرچاو بگرین كە ئەم وێنەیە قەبارەی بەرەو گەورە بوون دەچێت, واتا سەرەتا لە چەقی كاغەزەكەوە دەست پێدەكەین و بە پڕگال بازنەیەكی بچووك درووست دەكەین وە دوایی هەر پڕگالەكە بازنەیەكی گەورەتر لە دەرەوەی بازنە بچووكەكە درووست دەكەین وە دواییش چەند دانەیەكی گەورەتر بەو شێوەیە تا دەگەینە ئەوەی كە چەند بازنەیەكمان دەست بكەوێت كە هەموویان لەناو یەكدابن, ئینجا دوای ئەم هەنگاوە چەند خاڵێك لەسەر بازنە بچووكەكە دادەنێین بە شێوەیەك كە دوورییەكانیان لەیەكەوە دەبێت یەكسان بن, وە دوایی بە ڕاستەیەك چەند هێڵێك دەكێشین و بازنەكان بە شێوەیەكی یەكسان و ئەندازەیی دابەش دەكەین جگە لە بەشی ناوەوەی بازنە بچووكەكە نەبێت كە زۆر جار وەكو خۆی دەمێنێتەوەو تەنها وێنەو نەخشێكی لەناودا درووست دەكرێت, ئینجا دەچینە قۆناغی هەڵبژاردنی نەخش و هێماكان, دوای دیاریكردنی چەند نەخش و هێمایەك لە دەرەوەی بازنە بچووكەكەوە دەست بە نەخشاندن دەكەین بەرەو بازنە گەورەكە ئەویش بە دابەشبوونیان لەسەر بازنەكان بە شێوەیەكی یەكسان لەڕووی قەبارەو دووری نێوانیان لە یەكتر, بەردەوام بوون لە نەخشكردنی بازنەكان واتا زیاتر بەخشینی كات بەم وێنەیەو نزیك بوونەوە لە كۆتایی, لە ڕووی ڕەنگكردنەوە ئاساییە ئەگەر وێنەیەكی ماندالا تەنها بە ڕەنگی ڕەش درووست بكرێت, وە دەكرێ سەرەتا تەنها هێڵكارییەكان بكرێت و دوایی دەست بكرێت بە ڕەنگ كردنی .
لەبەر ئەوەی وێنەكێشەكە بیردەكاتەوەو بە هەستەكانی نەخش و هێماكان هەڵدەبژێرێت, چەندین وێنەی جۆراوجۆر درووست دەبن كە دەتوانین بڵێین لە ماندالا وێنەكان دووبارە بوونەوەیان نییەو هەریەكێكیان بە بیرۆكەو خوێندنەوەیەك لە بەهرەمەندەكانەوە سەرچاوەیان گرتووە .
لە ماندالا ئەوەی زۆر شایەنی باسكردن بێت, ئەو شێوازەیە كە بوودییەكان تا ئەمڕۆش بەكاری دەهێنن و بەهەمان شێوازە سەرەتاییەكەی وێنەكانیان دەكێشن و گوزارشت لەو جیهانەی پشت سرووشت دەكەنەوە كە ئەوان دەیبینن, ئەویش كێشانی وێنەی ماندالا بە لمی ڕەنگاوڕەنگ, كە ئەوان هەڵدەستن بە شكاندن و هاڕینی بەردەكان بۆ درووست كردنی لم و پاودەر وە دوایی تێكەڵكردنی بە بۆیەی سرووشتی, وێنەیەكی ماندالا لەلای بوودییەكان ڕەنگە چەند ڕۆژێك بخایەنێت ئەویش بەهۆی قورسی كارەكەو گەورەیی قەبارەی وێنەكە كە هەندێ جار تیرەكەی دەگاتە نزیك 3 مەتر كە بەمەش ناچار دەبن لەسەر زەوی وێنەكە بكێشن, وە لەلای بوودییەكان نەخش و هێماكان هەڵگری ماناو پێناسەی تایبەت بە خۆیانن, هەروەها لەكاتی درووستكردنی وێنەیەكی ماندالا كەسانێكی دیكە لە بوودییەكان ئامادە دەبن كە ئەوان دەستدەكەن بە خوێندنەوەو دەربڕینی درووشمە ئایینییەكانیان, هەر لە دوای تەواوبوونی كارەكان وێنەكە دەشێوێندرێ و هەموو لمە ڕەنگاوڕەنگەكان بە یەكجار كۆدەكرێنەوەو شوێنەكەشی پاك دەكرێتەوە, وەك ئەوەی لەو شوێنەدا هیچ شتێك ڕووینەدابێت .