ڕەوشی تەندرووستی نەرمین كاوانی باشترەو نەخۆشخانەی بەجێ هێشت

ڕەوشی تەندرووستی نەرمین كاوانی باشترەو نەخۆشخانەی بەجێ هێشت
دوای تووشبوونی بە پەتای كۆرۆنا, لە ئێستادا خانمە ئەكتەرو شانۆكار(نەرمین كاوانی) باری تەندرووستی جێگیرە .

نەرمین كاوانی لە نوێترین دەركەوتنی لە یەكێك لە كەناڵە ئاسمانییەكان, لەڕێی ئۆنلاینەوە چەند زانیارییەكی دەربارەی تەندرووستی خۆی خستە ڕوو, لەو دیدارە خاتوو نەرمین ئاماژەی بەوەدا كە ئەو دوای مانەوەی لە نەخۆشخانەو وەرگرتنی چارەسەرییەكان ئێستا ڕەوشی تەندرووستی باشترە .

سەبارەت بە دەركەوتنی نیشانەكانی ئەم پەتایە, خاتوو نەرمین دەڵێت سەرەتا لەرزو تایەكی زۆرم هەبوو و خۆم لەماڵەوە چارەسەرییەكانم وەردەگرت وە دوایی هەندێ نیشانەی دیكە دەركەوت وەكو ئازارێكی قورس و ماندوویی .
بەم هۆیەوە نەرمین كاوانی ناچار دەبێت سەردانی نەخۆشخانە بكات و لەوێدا پشكنینی پەتای كۆرۆنا ئەنجام بدات, كە لە دواییدا دەركەوت هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنایە, بەڵام بەپێی لێدوانی ئەم خاتوونە جۆری ڤایرۆسەكە بەو كوشندەییە نەبووە كە كاریگەری زۆری بەسەر ڕەوشی تەندرووستییەوە هەبێت هەر بەم هۆیەشەوە ئاماژەی بەوەدا كە لە سەرەتاوە تا ئەو كاتەی كە نەخۆشخانەی جێهێشتووە كاریگەری لەسەر هەناسەدانی ئەو نەكردووە, وە ئەوەشی دووپات كردەوە كاتی مانەوەی لە نەخۆشخانەدا ئامێری هەناسەدانی بەكارنەهێنا چونكە ڕەوشی تەندرووستی نەگەیشتە ئەو ڕادەیە كە جێی مەترسی بێت .

دوای دڵنیابوون لە باش بوونی ڕەوشی تەندرووستی ئەم هونەرمەندە, پزیشكەكان بە "نەرمین كاوانی"یان ڕاگەیاند كە ئەو دەتوانێت نەخۆشخانە جێبهێڵێت, بۆیە ئێستا خاتوو نەرمین بەردەوامە لە وەرگرتنی دەرمان و چارەسەرییەكانی وە ڕەوشی تەندرووستی باشترەو لەماڵەوە خۆی كەرەنتین كردووە .
Top