دەنگی هونەرمەندانی ئەمریكا دوای مردنی جۆرج فلۆید

دەنگی هونەرمەندانی ئەمریكا دوای مردنی جۆرج فلۆید
دوای ئەوەی لە شاری "مینیاپۆلیس"ی ویلایەتی مینێسوتا-ی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پیاوێكی ڕەشپێست بەناوی(جۆن فلۆید) لەكاتی دەستگیركردنی پۆلیسێكی سپی پێست فلۆید دەخاتە سەر زەوی و چۆك دەخاتە سەر ملی تا ئەو كاتەی كە هەناسەی لێ دەبڕێت و گیان لەدەست دەدات, ئەم ڕووداوە دەنگدانەوەی زۆری لێكەوتەوە بە جۆرێك كە هاوڵاتیانی ئەو شارە بابەتی كۆرۆنایان لەبیر بچێتەوەو بڕژێنە شەقامەكان بۆ داوای مافی ئەو كوژراوەو ڕەشپێستە چەوساوەكانی ئەمریكا بە گشتی .

بەم هۆیەوە بەشێك لە گۆرانیبێژو هونەرمەندانی ئەمریكا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناڕەزاییان دەربڕی و وێنەی جۆن فلۆید و كۆمێنتیان دژی دەسەڵاتدارانی ئەمریكا بڵاوكردەوە, لەوانەش... مادۆنا - لەیدی گاگا- جنێفەر لۆپێز- تایلۆر سوێفت- بیۆنسێ- ئەدێڵ- سلینا گۆمێز- جاستن بەیبەر- كایلی جێنەر و چەندین ئەستێرەو هونەرمەندی دیكەی ئەو وڵاتە .

لەلایەكی دیكەوە كە خەڵكی ڕژاونەتە سەرشەقامەكان و ناڕەزایی دەردەبڕن, گرژی و ئاڵۆزییەك درووست دەبێت كە هێزەكانی پۆلیس فیشەكی پلاستیكی بەڕووی هاوڵاتیان دەتەقێنن, كەبەمەش ئافرەتێك بە شێوازێك بریندار دەبێت كە ڕووخساری تێكدەچێت, لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە خانمە ئەستێرەو نمایشكاری جیهانی (كیم كارداشیان) دەستبەجێ سەرجەم تێچووی چارەسەرییە تەندرووستییەكانی ئەم خانمە لە ئەستۆ دەگرێت .

هەر لەم ناڕەزاییەوە ئەستێرەی سینەمایی جۆرج كڵۆنی دەڵێت: گومان لەوەدا نییە كە جۆرج فلۆید كوژراوە, ئەمە پەتاكەی ئێمەیە و هەموومان دەگرێتەوە, وە دوای 400 ساڵ نەمانتوانی پێكوتەیەك بدۆزینەوە .

هەروەها ئەوەی كە ئێستا لە ماڵپەڕە جیهانییەكانەوە بڵاوبووەتەوەو باسی لێوە دەكرێت, خانمە گۆرانیبێژی ئەمریكی ئاریانا گراندی ڕاستەخۆ بەشداری خۆپیشاندانەكان دەكات و لە نزیكەوە ناڕەزایی دەردەبڕێت, وە خانمە گۆرانیبێژ(مادیسۆن بیر) ئەویش لە شاری سانتا مۆنیكا-ی لوس ئەنجلوس ڕاستەخۆ ئامادەی ناڕەزاییەكە بوو, بەڵام دواجار لەكاتی بڵاوە پێكردنیان لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە مادیسۆن و چەند هاوڵاتییەكی دیكە گازی فرمێسك ڕێژیان بەڕوودا تەقێندرا .
Top