كریستۆفەر نۆلان باس لە نوێترین فیلمی دەكات

كریستۆفەر نۆلان باس لە نوێترین فیلمی دەكات
فیلمی ئەمریكی (tenet) یەكێكە لەو فیلمە سینەماییانەی كە زۆرێك بە پەرۆشەوە چاوەڕێی نمایشكردنی دەكەن, یەكێك لە هۆكارەكانیشی ئەوەیە كە ئەو كەسەی كار لەسەر ئەم فیلمە دەكات یەكێكە لەباشترین پێنج دەرهێنەری جیهان .

(كریستۆفەر نۆلان)ی دەرهێنەری ئەم فیلمە لە نوێترین دەركەوتنیدا چەند زانیارییەكی دەربارەی ئەم كارە سینەماییەی خستەڕوو, كریستۆفەر دەڵێت لە ناوچەكانی "ڤیكتۆرڤیڵ"ی ویلایەتی كالیفۆرنیا لە كاتی وێنەگرتنی تەقاندنەوەی فڕۆكەیەك لە فیلمەكەیدا پلانی داڕشت بۆ ئەوەی بە نموونەیەك لە شێوەی فڕۆكە دیمەنەكەی وێنە بگرێت, بەڵام دواجار تیمەكەی كۆمەڵێك فڕۆكەی كۆن دەدۆزنەوە كەلە شوێنێكدا پارك كراون, بۆیە كریستۆفەر نۆلان بیرۆكەیەكی بۆ دێت, ئەویش بە كڕینی فڕۆكەیەكی ڕاستەقینە جۆری بۆینگ 747 بۆ تەقاندنەوەی لەو فیلمە سینەماییەدا, هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە كڕینی فڕۆكەیەكی ڕاستەقینە تێچووەكەی زۆر كەمترە لە درووست كردنی نموونەیەك و كاركردن لەسەر ئەو دیمەنە .

ئەگەر چی بڕیارە ئەم فیلمە لە 17ی تەمووزی ئەمساڵ نمایش بكرێت, كریستۆفەر نۆلان لەم بارەیەوە ئاماژەی بەوەدا كە لایەنی بەرهەمهێن كار لەسەر تەواكردنی كارەكان دەكات وە هەر كات هۆڵەكانی سینەما بكرێنەوە ئەوا ئەم فیلمە نمایش دەكرێت .

فیلمی (tenet) هەریەك لە ڕۆبەرت پاتینسۆن و جۆن دەیڤید واشنتۆن و ئیلیزابێس دیدیكی تێیدا بەشدارن, وە كۆمپانیای (وارنەر برۆز) لایەنی بەرهەمهێنەری ئەم فیلمەیە, چیرۆكی ئەم فیلمە باس لە كاری سیخووڕی دەكات وە چەندین دیمەنی ئاكشن تێیدا دەبینرێت, هەروەها بەهۆی ئەو تەكنەلۆجیایەی كەلەم فیلمەدا دەبینرێت, لەپاڵ ئاكشن فیلمێكی خەیاڵی زانستییە .
Top