هونەرمەندی میسری حەسەن حوسنی كۆچی دوایی كرد
حەسەن حوسنی لە دوای ئەزموونێكی زۆر لە بوارەكانی سینەماو تەلەفزیۆن و شانۆ, توانی مۆرپەنجەی خۆی لە هونەری میسریدا تۆمار بكات, ئەم ناودارە تواانی لە چەندین فیلمی سەركەوتوودا ڕۆڵەكان بەرجەستە بكات, سەرەتای كاری حەسەن حوسنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەستەكان كە ئەوكات یەكێك بوو لە ئەندامانی گروپی "شانۆی سەربازی" تایبەت بە هێزی سەربازی ئەو وڵاتە, لێرەوە توانی خۆی بخاتە نێو ڕۆشنایی شانۆو بەردەوام بێت و دەستپێكی لە هونەری شانۆ تۆماربكات, دوای دەركەوتنی وەك ئەكتەری شانۆ حەسەن حوسنی توانی بەهرەكەی بۆ تەلەفزیۆن بگوازێتەوەو وەكو كەسێكی ناودار لە سەرانسەری وڵاتی میسر دەربكەوێت ئەویش دوای بەشداریكردنی لە زنجیرەی(ابنائي الاعزاء شكرا) لە ساڵی 1979 .
سەرەڕای بەشداربوونی لە درامادا بەڵام حەسەن حوسنی وازی لە شانۆ نەهێناو بەردەوامبوو لە دەركەوتنی لەسەر ستێج, هەروەها لێهاتوویی ئەم ناودارە وای كرد كە بۆ یەكەم جاری هەنگاوەكانی بەرەو فیلم و سینەما ئاراستە بكات ئەویش لە فیلمی (الكرنك) ساڵی 1975 كە تێیدا بە ڕۆلێكی بچووك بەشداربوو, هەروەها ئەم ناودارە لە 490 كار بەشداری كردووە لە بوارەكانی شانۆو دراماو سینەما .
شایەنی باسە..گۆرانیبێژو ئەكتەری میسری (سەعد ئەلسوغەیەر) لەو كاتەی كە ئامادەی ڕێوڕەسمی ناشتنەكەبوو, گلەیی ئەوەی كرد كە بە هۆی پەتای كۆرۆنا بەشێك لە هونەرمەندەكان ئامادەنەبوون, هەروەها ڕایگەیاند كە ماسك و خۆپارێزی خۆی ڕێگرە لە بڵاوبوونەوەی پەتاكەو ناكرێ لە كاتێكی وەهادا هونەرمەندان لە ماڵەوە بمێنینەوە .
وە بەشێكی زۆر لە ئەكتەرو گۆرانیبێژان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هاوخەمی خۆیان دەربڕی لەوانەش,لەیلاعەلوی- هانی شاكر- عەمرو دیاب- ئیلهام شاهین- نادیە جوندی- نانسی عەجرەم- محەمەد هنێدی- رۆجینا- مونا زەكی-نیكۆل سابا-ئەحمەد زاهر- ڕامی جەمال- مەی كەساب و چەند هونەرمەندێكی دیكە .