ئاكشای كومار لە كاری خێرخوازی نەوەستاوە

ئاكشای كومار لە كاری خێرخوازی نەوەستاوە
ئەستێرەی دیاری بۆڵیوود ئاكشای كومار لە كارە خێرخوازییەكەی نەوەستاوەو بەردەوامە لە كاركردن لە پێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان, بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە وڵاتی هیندستان كە بارگرانییەكی زۆری بۆ ئەو وڵاتە هێناوە گەیشتووەتە ئەو ڕادەی بەشێكی زۆر لە هونەرمەند و ئەستێرەكانی بۆڵیوود دەستی هاوكاری پێشكەش بكەن .

ئەگەر چی ئاكشای كومار لە ماوەكانی ڕابردوو زیاد لە سێ ملیۆن دۆلاری بەخشییە ئەو سندوقە خێرخوازییەی كە سەرۆك وەزیرانی هیندستان ڕایگەیاندبوو, لە ئێستادا ئاكشای كومار لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا هەڵمەتێكی جیاوازی ڕاگەیاند, ئەویش بە دابینكردنی هەزار ئامێری پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ هێزەكانی پۆلیسی شاری مۆمبای, ئەم ئامێرە كە كۆمپانیای (GOQii) بەرهەمی هێناوە لە شێوەی كاتژمێر دەچێت و لەدەست دەكرێت وە چەند تایبەتمەندییەكی هەیە لەوانەش نیشاندانی پلەی گەرمی و لێدانی دڵ و فشاری خوێن .

ئاكشای كومار چەند جارێك هەڵمەتی لەم جۆرەی ڕاگەیاندووە, لە مانگی ڕابردوو 264 هەزار دۆلاری بەخشی بۆ پاڵپشتی لە هێزەكانی پۆلیسی مۆمبای, هەروەها 395 هەزار دۆلاریشی بەخشی بۆ دابینكردنی پێداویستییە تەندرووستییەكان .
Top