فیلمێك دەربارەی تاوانەكانی جێفری ئێپستاین بەرهەم هات

فیلمێك دەربارەی تاوانەكانی جێفری ئێپستاین بەرهەم هات
بزنسمان و ملیاردێری بەناوبانگی ئەمریكا (جێفری ئێپستاین) فیلمێكی دیكۆمێنتاری دەربارەی ژیانی بەرهەم هات .

لە ئێستادا ترایڵەری ئەم فیلمە بڵاوكراوەتەوەو بڕیارە لە 27 ئایار لە تۆڕی نێتفلیكس بڵاوبكرێتەوە, هەروەها ئەم فیلمە باس لە ڕووداوەكانی (جێفری ئێپستاین) دەكات و دەچێتە قوڵایی ڕووداوەكان لە كاتی دەستگیردنی جێفری بە تاوانی دەستدرێژی سێكسی تا ئەو كاتەی مردنی لە بەندیخانە ڕادەگەیەندرێت, هەروەها ئەم فیلمە دەربارە ئەوە دەدوێت كە كەسانێكی دیكە جگە لە جێفری لە كۆمپانیاكەیدا ڕووبەڕووی دادگا نەكرانەوە, هەروەها دەگووترێت كە ئەم فیلمە لەژێر ناونیشانی (jeffrey epstein filthy rich) چوار بەشی لێ بەرهەم هاتووەو تێیدا چەند قوربانییەكی دەستی جێفری تێیدا دەردەكەون كە باس لە ڕووداوەكان دەكەن .

جێفری ئێپستاین لە ساڵی 1953 لە ئەمریكا لە دایك بووە, ئەو كەسێك بوو لە بواری بزنسدا كاری دەكرد و توانی كۆمپانیایەكی بەهێز دابمەزرێنێت بە ناوی (ج ئێپستاین), هەروەها پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ ناودارو سیاسەتمەدارانی ئەمریكا هەبوو و كەسێكی نزیك بوو لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئێستای ئەمریكا .

لە ساڵی 2005 لە ویلایەتی فلۆریدا خێزانێك سكاڵا لەسەر ئەم ناودارە تۆمار دەكەن و ڕووبەڕووی یاسای دەكەنەوە, بە تۆمەتی دەستدرێژی سێكسی بەسەر منداڵەكەیان كە تەمەنی 14 ساڵ بووە, وە دوای ڵێكۆڵینەوەو بە دواداچوونی زیاتر لەنێو ئەم بابەتەی جێفری, لەساڵی 2008 بەرپرسانی فیدراڵی 36 كچیان دەستنیشان كرد كە ئەوان دەستدرێژی سێكسیان كرابووە سەرو ژمارەیەكیان تەمەنیان لە خوار 14 ساڵییەوە بوون, كە ئەمەش بووە هۆی دەستگیركردنی بۆ ماوەی 13 مانگ و دوورخستنەوەی لە كارەكەی .

وە لە دواییدا جێفری ئێپستاین لە 6ی تەمووزی 2019 دیسانەوە دەستگیر دەكرێت بە تاوانی بازرگانی كردن بە كچانی خوار 18 ساڵ لە هەردوو ویلایەتی فلۆریداو نیویۆرك, وە لە 10ی ئابی 2019 جێفری لە تەمەنی 66 ساڵیدا لە بەندیخانە كۆچی دوایی دەكات و دوای پشكنین و لێكۆڵینەوە لە مردنی ڕاگەیەندرا كە ئەو كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا .
Top