كۆلاج.. ئەو هونەرەی هەردەم لە نوێ بوونەوەیە
بۆ زیاتر ناساندنی ئەم هونەرە پێویستە ئەوە بزانین كە لە سەرەتاكانی سەدەی یەكەمی پێش زاینی لە ولاتی چین كاغەز بەرهەم هێنرا بەڵام نەك بە هەمان ئەم شێوەو بڕە زۆرەی كە ئێستا دەبینرێت .
دەتوانین بڵێین كورتكراوەی پێناسەی هونەری كۆلاج بریتیە لە (لكاندنی چەند پارچە كاغەزێكی ڕەنگ جیاواز بۆ ئەوەی تابلۆیەك درووست بێت) كە ئەمەش بە واتای ئەوە دێت دڕاندنی كاغەز و كۆكردنەوەی پارچەكان لە سەر بنەمای خوێندنەوەی چاو و بەهرەی هونەرمەندەكە تابلۆیەك درووست دەبێت, وە ئەم تابلۆیە پشت دەبەستێت بە دابەشبوونی پارچە كاغەزەكان بە پێی ڕەنگ و ئەندازەی بڕینەكەی, هەندێك جار هونەرمەندەكە خۆی بە شێوەیەك لە هونەری كۆلاج تابلۆیەك بەرهەم دەهێنێت كە دەبینین پارچە كاغەزەكان هەموویان یەك قەبارەن, بەڵام ئەمە نابێتە مەرج لەم هونەرەدا چونكە هونەری كۆلاج گۆڕانكارییەكی بەردەوامی پێوە دیارە, وە زۆر كات لە كاتی كاركردن لە تابلۆیەكدا دەبینین كە هونەرمەندەكە پشت دەبەستێت بە جیاوازی لە پارچەكان تاكو بگاتە خاڵی مەبەست بۆ ئەوەی ئەنجامەكەی دەست بكەوێت, كەواتە بنەمای سەركەوتن لەم هونەرە پەیوەستە بە خوێندنەوەی بەهرەمەندەكە لەسەر بیرۆكەكەی, وە سەرچاوەی كەرەستەكانی كە ئەوانیش پێك هاتوون لە كاغەزو وێنەی فۆتۆگرافی و گۆڤارو ڕۆژنامەو پارچە قوماش و كەرەستەی ئەلكترۆنی و.... تەنانەت ئاساییە ئەگەر ڕەنگی ئاوی و جۆرەكانی دیكەی ڕەنگ تێیدا بەكاربهێندرێت, وە لە هەمووی گرنگتر شارەزاییی تەواوی هونەرمەندەكەیە دەربارەی بڕینی وێنەكان و دەستنیشان كردنی بەپێی بابەتەكە و دانانی لە شوێنی مەبەست بۆ ئەوەی بتوانێت پەیامە هونەرییەكەی بگوازێتەوە .
لە هونەری كۆلاج ئەوەی تابلۆیەكی زیندوو بخوڵقێنێ, تابلۆیەك بتوانێت ئامانجە هونەرییەكە بگوازێتەوەو گوزارشت لە درووستبوونی خۆی بكات لەو پارچە كاغەز و وێنەو پارچە جیاوازانە, ئەوە بەهێزبوونی بیرۆكەو كەرەستەو ڕووحی هونەرمەندەكەیە لەم ڕێچكە هونەرییەدا .
هونەری كۆلاج لە ڕووی مێژووییەوە...
مێژووی درووست بوونی هونەری كۆلاج بە شێوە سەرەتاییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ چین, وە بەكارهێنانی كاغەز بە شێوەیكی سنووردار تا سەدەی دەیەمی زاینی هەر بەو شێوەیەی مایەوە, وە لە دواییدا دەركەوتنی ئەم هونەرە لە ژاپۆن بینرا كاتێك بەشێك لە شاعیران هەستان بە نووسینەوەی بەرهەمەكانیان لەسەر چەند پارچە كاغەزێك .
وە لە ئۆروپا هونەری كۆلاج لە سەدەی سێزدەیەمی زاینی لە كڵێسەكاندا سەری هەڵدا, ئەویش بە بەكار هێنانی بەردە بە نرخەكان و جۆرێك كانزا وەك زیڕ و زیو لە تابلۆو نووسراوە ئایینییەكاندا, وە لە سەدەی نۆزدەیەمی زاینی ئەم هونەرە پەرەی سەند بە ئاراستەكردنی بەرەو كاری دەستی و كتێب و ئەلبۆمی وێنەكان .
ناولێنانی ئەم هونەرە بە ناوی كۆلاج, دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانی چەرخی بیستەمی زاینی, دوای ئەوەی هەردوو هونەرمەندی شێوەكارو نیگاركێشی جیهانی (جۆرج براگ)ی فەرەنسی و (پابلۆ پیكاسۆ)ی ئیسپانی توانیان پەرە بە كارە هونەرییەكانیان بدەن و ڕووحێكی تازە بە تابلۆكانیان ببەخشن, هەروەها هونەری كۆلاج لە تابلۆكانی هەردوو هونەرمەندی شێوەكاری فەرەنسی (هانز ئارپ) و (فرانسیس پیكابیا) دەبینرێت, بەڵام ئەوەی زۆر مایەی ناوهێنان بێت لە هونەری كۆلاجدا هونەرمەندی شێوەكار (kurt schwitters)ی ئەڵمانییە كە تابلۆكانی بە تەكنیك و ئاستێكی بەرز بەرهەم دەهێنا ئەویش بە پشت بەستن بە كەرەستە فڕێدراوەكان لە شەقامەكاندا, واتا پێچەوانەی هاوبەهرەكانی كە ئەوان كەرەستەی تابلۆكانیان زیاتر لە وێنە فۆتۆگرافییەكانەوە سەرچاوەی دەگرت .