منداڵی ئەكتەرێكی دیاری میسری ڕەگەزی خۆی لە كچەوە دەگۆڕێت بۆ كوڕ
هیشام سەلیم لە یەكێك لە كەناڵە ئاسماننیەكانی ئەو وڵاتەوە ڕایگەیاند كە كچەكەی ڕەگەزی خۆی دەگۆڕێت بۆ كوڕ, هەروەها باسی لەوە كرد كە ئەو تەمەنی 26 ساڵەو ناوی(نورا)یە, بەڵام هیشام ڕایگەیاند كەئەو كوڕێتی ناوی(نور)ە, وە دەڵێت لەو ڕۆژەوە كە هاتە دونیاوەو لە باوەشم گرت هەستم نەدەكرت كە ئەو كچە, وە دوایی كە گەورە بوو هەندێك هەڵسوكەوت و جوڵەم لێ دەدیت كە تەواو نزیك بوو لە كوڕ, هەروەها هیشام سەلیم دەڵێت نور خۆی پێی دەڵێت كە ئەو هەست دەكات كە لەجەستەی خۆیدا نییە وە دەیەوێت نەشتەرگەری بكات و خۆی بكاتە كوڕ, بۆیە هیشام سەلیم ڕایگەیاند كە ئەو وەكو باوكی نور پاڵپشتی بوو لەو بڕیارەو ئەمەش بۆ یەكلابوونەوەی لەو دڵەڕاوكێیەو چاككردنەوەی ئەو هەڵەیە یاساییەی كە تووشی بووەتەوە لە ڕەگەزنامەكەی كە هێشتا تێیدا وەكو كچ هەژماركراوە .
بەم هۆیەوە خانمە گۆرانیبێژی لوبنانی كارۆل سەماحە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پۆستێكی بڵاوكردەوە كە تێیدا ستایشی هیشام سەلیمی كردو وەكو باوكێكی تێگەیشتوو لە خەمی منداڵەكەی وەسف كرد, هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە ئەو زۆر بوێرانە ئەو زانیارییەی باسكردو نەیشاردەوە كە ئەمەش لەم كۆمەڵگایە بابەتێكی هەستیارەو هیشام وەكو باوكێكی ڕاستەقینە هەوڵدەدات خێزانەكەی خۆی بپارێزێت .
لەلایەكی تریشەوە خانمە گۆرانیبێژی لوبنانی مایا دیاب لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئەنستگرام كورتەی چاوپێكەوتنەكەی هیشام سەلیمی بڵاوكردەوەو لەسەری نووسیویەتی.. ( ڕێز بۆ ڕاشكاوەیی و بوێری هونەرمەندی بە ئەزموون هیشام سەلیم), هەروەها مایا دەڵێت مەبەست لەو قسانەی هیشام سەلیم بۆ هاندان نییە لە ئەنجامدانی یان دووركەوتنەوە لێی, بەڵكو ڕاشكاوی خۆیەتی لەو بارودۆخە كە تێیدا دەژی وە بوێرییە لە باسكردنی ئەو بابەتە لەم كۆمەڵگایەدا, هەروەها دەڵێت.. ناكرێت شتێكی لەم بابەتە لە كۆمەڵگادا بسڕینەوە وە ئەگەر هەموو نەریتەكان و ئاینەكان بەرامبەر بە شتێك بوەستنەوە ئەوا ناتوانن ئەم بابەتە ڕەتبكەنەوە چونكە هەر خۆی لە ئەسڵدا بوونی هەیەو پێویستە دان بە ڕاستییەكان بنێین و بە پێی بارودۆخەكە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت .