چی وایكردووە لەسەر بەرنامەكەی ڕامز جەلال ڕەخنە درووست بێت؟
هەروەكو ساڵانی ڕابردوو دیسانەوە هەوڵی ئەوە دەدرێت كە بەرنامەكەی ڕامز جەلال لە پەخش كردن بوەستێندرێت, لە ئێستادا لە وڵاتی میسر هەوڵی ئەوە دەدرێت كە بەرنامەكەی ڕامز جەلال لە كەناڵی ئاسمانی mbc بوەستێندرێت و لە وڵاتی میسر نمایش نەكرێت بە هۆی ئەوەی كە ئەو بەرنامەیە كامێرای شاراوە نییە و گاڵتەكردن و لێدانی هەست و كەسایەتی هونەرمەندەكانە .
لە ماوەكانی ڕابردوو شێوازی بەرنامەكەی ڕامز جەلال بریتی بوو لە ترساندنی هونەرمەندان لەو بەرنامەیەدا, بەڵام لە ئێستادا ستایڵی بەرنامەكە بە شێوەیەكە كە هەر كەسێك ببێتە مێوانی ڕامز ئەوە بە بەستراوەیی دەكەوێتە ژێر فشاری ئەو و دەبێت بە پێی دڵی ئەو بدوێت و ستایشی بكات .
بەم هۆیەوە بەرپرسێك لە وڵاتی میسر ڕایگەیاند كە ئەمە سێیەم ساڵە لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە هەوڵی ئەوە دەدرێت ئەو بەرنامەیە لە كەناڵی ئاسمانی mbc بوەستێندرێت و لە وڵاتی میسر نمایش نەكرێت, زۆر گرنگیدان بەم بابەتە لەم ساتەوەختەدا بۆ ئەوەیان گەڕاندەوە كە ئەمساڵ باری دەروونی و دارایی خەڵكی جیاواترە لە ساڵانی پێشوو ئەویش بە هۆی پەتای كۆرۆنا, بۆیە ئەم شارەزایە خودی بەرنامەكەو كاتەكە بە گونجاو نابینێت بۆ نمایشكردنی لە شاشەی ماڵەكاندا كە ژمارەیەكی زۆری منداڵیش بینەریەتی, لە لایەكی دیكەوە بەشێكی زۆر لە مێوانانی ئەو بەرنامەیەی ڕامز جەلال گلەیی دەكەن و بەشێوەیەك ناوی دەبەن كە ئەو نەخۆشی دەروونی هەیە, هەر لەم ڕووەوە هونەرمەندو سەماكاری میسری (فیفی عەبدو) دوای ئەوەی دەكەوێتە تەڵەی ڕامزەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زۆر بە تووڕەییەوە ئاماژە بەوە دەدات كە ئەو سكاڵای یاسایی لە دژی ڕامز جەلال بەرزدەكاتەوە .
لەلایەكی تریشەوە هێرشی توند دەكرێتە سەر كەناڵی mbc و دەگوترێت كە ئەو دەزگا میدیاییە خەتابارە لە نمایشكردنی ئەم جۆرە بەرنامانە, بۆیە كەناڵی mbc ناچار دەبێت دێتە دەنگ و وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە, لەم بارەیەوە بەرپرسێكی ئەو كەناڵە ڕایگەیاند كە بەرنامەكەی ڕامز جەلال لە 5 كەناڵی mbc ەوە پەخش دەكرێت و بەرنامەیەكی سەركەوتووەو بە شێوازێكی جیهانی داڕێژراوە و بەرنامەیەكی فەرمییە وە ناكرێت بوەستێندرێت, هەروەها دەڵێت بەرنامەكە بینەرێكی زۆری هەیە تەنها لە ماوەی دوو ڕۆژی مانگی ڕەمەزان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی یوتیوب زیاد لە 50 ملیۆن كەس بینەری ئەو بەرنامەیە بوونە, هەروەها وەڵامی بۆ ڕەخنەكان گەڕاندەوە بۆ ئازادی لە ڕاوبۆچوونی تاكەكان, لەم بارەیەوە دەڵێت (ڕێز لە ڕەخنەكان دەگرین و هەموو كەس ئازادە لە دەستنیشانكردن و بینینی بەرنامەكان) وە ناكرێت داوای وەستاندنی ئەو بەرنامەیە بكرێت چونكە بە ملیۆنەها كەس بینەریەتی .
لەم بارەیەوە ئەكتەری میسری یاسر جەلال برای ڕامزی پێشكەشكاری بەرنامەی(رامز مجنون رسمي), ستایشی كردو بە كەسێكی سەركەوتووی وەسفكرد, هەروەها ئەكتەری سووری (باسم یاخوور) وەكو بەشداربوویەكی بەرنامەكەی ڕامز ڕایگەیاند كە ڕامز جەلال بۆ درووستكردنی بەرنامەكەی ساڵانە پێشكەشكارێكی بەناوبانگ هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی چاوپێكەوتنی لەگەڵ هونەرمەندان ئەنجام بدات, بەڵام دوایی بارودۆخەكە دەگۆڕێت و پلانەكەی ڕامز دەستپێدەكات كە ئەویش ترساندنی مێوانەكەیە, بەڵام باسم یاخوور ئاماژەی بەوەدا كە ئەم بەرنامەیەی ئێستای ڕامز ترسناك نییە, بەڵكو جۆرێكە لە ئازاری جەستەیی, چونكە ئەو شوێنەی كە مێوانەكەی لەسەر بەستراوەتەوە, تایبەتە بە تێستكردنی فڕۆكەوانەكان, بۆیە سوڕاندنەوەو سەراوژێركردنی بە خێرایی لە هەوادا مرۆڤ تووشی سەرگێژبوون و بەرزی و نزمی فشاری خوێن دەبێت كە ئەمەش لەو كامێرا شاراوانە نییە ببێتە هۆی پێكەنین یاخود ترساندن .
لەلایەكی تریشەوە.. بەشێك لە ڕاگەیاندكاران و ڕۆژنامە عەرەبییەكان وەهای بۆ دەچن كە ئەو بەرنامەیە درووستكراوەو بەشێك لەو هونەرمەندانەی دەبنە بەشداربووی بەرنامەكەی ڕامز جەلال ئاگادار كراونەتەوەو لەبەرامبەردا بڕە پارەیەكیان وەرگرتووە .