باری تەندرووستی هونەرمەند سەعید گاباری ناجێگیرە
ئەم هونەرمەندە دوای ئەوەی كەلە وڵاتی ئەڵمانیا دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان, بەهۆی پەتای كۆرۆناوە بۆ ماوەی 14 ڕۆژ كەرەنتین كرا, وەلەدواییدا دەچێتە ماڵی ئامۆزایەكی كە لەوێدا باری تەندرووستی تێكدەچێت و ئازارێك لەسەری درووست دەبێت بەم هۆیەو دەگەیەندرێتە نەخۆشخانە و چەند پشكنینێكی بۆ ئەنجام دەدرێت .
بە پێی لێدوانی (ئیبراهیم گاباری)ی ئامۆزای ئەم هونەرمەندە, ئێستا باری تەندروستیی سەعید گاباری ناجێگیرە و تووشی شێرپەنجەی سییەكان بووە, هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە ئەو ئێستا لە ژێر چاودێرییەو پزیشكان پەنایان بردووەتە ئامێری هەناسەی دەستكرد بۆ مانەوەی ئەم هونەرمەندە لە ژیاندا .
هەروەها دەڵێت مەحاڵە بەم شێوەیە بتوانین بیگوازینەوە دەرەوەی وڵات, چونكە پزیشكان پێی ڕاگەیاندوون كە ناكرێت ئامێری هەناسەدانەكەی لەسەر هەڵبگیرێت .
لە ئێستادا پزیشكێكی تایبەت بۆ هونەرمەند سەعید گاباری دەستنیشان كراوە, وە بەپێی لێدوانی ئەم پزیشكە سەعید گاباری تووشی شێرپەنجەی سییەكان هاتووە, وە بەمەش ڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر مێشكی كردووەو بەشێك لە مێشكی تووشی شێرپەنجە بووە .
هونەرمەند سەعید گاباری كە خەڵكی حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستانە, نزیكەی 50 ساڵە گۆرانی دەڵێت, هەروەها یەكێكە لە گۆرانیبێژە بە ئەزموونەكان وە چەندین گۆرانیبێژ بەرهەمەكانی ئەم ناودارەیان گوتووەتەوە .