دەرهێنەر لوقمان غەریب: کاتێکی زۆرم بە «دەست شۆردن»ەوە ڕۆیشت كە ھەستم ئەکرد ئەمە دەست شۆردنە لە ژیان
لەڕاستیدا ھەفتەی یەکەم وەک تێبینیم کرد، بۆ ھەمووان وەک دەڵێن حاڵەت و شوکێکی سەیر و پڕ پەنھان بوو ؟! چونکە دۆخەکە تەنھا لەوەدا نەوەستا کە پەتایەکە و دەبێ خۆتی لێ بپارێزییت .. بەڵکو مەترسییەکە لەگەڵ خۆییدا ڕەشبینی و بێ ھیوایی و تا ئەندازەیەکی زۆر دڵەڕاوکێ و نیگەرانی ھێنا ، ئەم حاڵەتە وایلێکردیین کە زۆرترین کات و زیاتر خەریکی سەیری تیڤییەکان و گوێگرتن لە ھەواڵەکان و گەڕان بەناو لاپەڕەکانی ئەنتەرنێتدا بین، من خۆم ھەفتەی یەکەمم ئاوەھا بەڕێکرد . ئەمە جیا لەوەی کاتێکی زۆری بە «دەست شۆردن»ەوە ڕۆیشت ، کە من خۆم وا ھەستم ئەکرد ئەمە دەست شوردنە لە ژیان و ئیتر مەترسییە گەورەکە و لافاوە گەورەکەیە، ھەستێکی زۆر سەیر بووە کە سوور بزانیت جیھان و مرۆڤایەتی لەبەردەم ھەرەشەیەکی شاراوەی تۆقێنەر و وێرانکەر و کوشندەی بێ چارەسەردایە .؟! بەڵام ئیتر دوایی وەک سروشتە ئەزەلییەکەی مرۆڤ و بەتایبەت بۆ ئێمەی کوردیش کە زوو خۆشەی نەھامەتی و ناخۆشییەکان دەبین و لەگەڵ مەترسییەکاندا ڕادێین و خۆمان دەگونجێنین ، ووردە ووردە ڕاھاتم و دۆخەکەم بۆ ئاسایی بووە ؟! یەڵڵا دنیا مردنە و کەی ھات با بێت کێشە نییە .. ئێ ئاخر بۆ کەسێکی وەک من مانەوە لەماڵ و قەرەنتینە و گۆشەگیری و تەنیایی و ئەو جۆرە شتانە ئاسان و ئاسایی بوو ، ئێ خۆ من سەدان ڕۆژم لە پشت دەرگا قوفڵدراو و شیشە ئاسنینە ڕەشەکانی زیندانی بەعسییەکاندا بە«شەو» بەسەر بردووە . ئێ ھەر من «30 ساڵ»پێش ھاتنی کۆرۆنا ، ناوی قەرەنتینەم بیست و پاش دەستگیر کردنم لە تورکیا چەندین ڕۆژ و ھەفتەم لە قەرەنتینەی تورکەکاندا لە ئانکەرا و سلۆپی بەسەر برد ؟؟
بۆیە دەستەواژەی قەرەنتینە و مانەوەم لەماڵدا بە ئەرکێکی قورس نەدەزانی . خوا دەکا کۆرۆنا نایەت با ساڵێک لە ماڵ سجن بین ئیتر ئەوە مەترسییەو ھاتووە، دوایی پاش ڕاھاتن و خۆشەبوون ووردە ووردە بەر تاپلێت و شاشەی تێڤییەکانم بەجێ ھێشت و چوومەوە بۆ سەر مێزی کارکردنی ناو ئۆفیسە تایبەتیەکەی خۆم.
ئێ خۆ من پێش کۆرۆناش دەیان ڕۆژ و ھەفتە و مانگم بە تەنیا لەسەر ئەم مێزە و بەدیار ئەم کاغەزانەوە بەسەر بردووە و خۆم بڕیاری گۆشەگیرکردنی خۆمم داوە . بۆیە ئێسیا زۆر ئاسانە چونکە دۆخەکە گشتی و جیھانییە و کەسی لێ بەدەر نییە (الحشر مع الناس عید ).
ئیتر لەناو کاغەزە کەڵەکەکراوەکانی سەر مێزی ئۆفیسەکەمدا کەوتمەوە بە پیاچوونەوە بە چیرۆک و سیناریۆ و دیالۆگ و بینراوەکانی فیلمنامەی ھەردوو بەرھەمم نوێم «ئەوین لە ژێر باڵی تاریکیدا» و «گوڵەکان ناگەشێنەوە» کە بە نیاز بووم لەم تەڕ و گەشاوەیی بەرھارەدا بەرھەمیان بھێنم، بەڵام کۆرۆنای نەفرەتی نەیھێشت و ئاوا حوکمی گۆشەگیرییەکی پڕ لە ترس و پرسیاری کردین ..!
تێگەیشتم گەر بۆ ڕاکردنیش بێت لە واقیعە تاڵەکە، تەتەڵەکردنی چیرۆک و ناوەڕۆک و کەسایەتی و دیالۆگ و ھێڵە درامییەکان و کەشە سۆزدارییەکانی ناو ھەردوو «سیناریۆ» فیلمنامەکان کارێکی پێویستە، ئیتر جارێکی تر تەواو ژێروژوورم کردنەوە، بەو ئومێدەی گەر کۆرۆنا بھێڵێت و عومر باقی بێت ، دوای ئەم قوناغ و دۆخە ھەستیار و جێی پرسیارە ، بەرھەم بێن و ببنە فیلم .
ئیتر ناو بەناویش سەردانێکی سەرپێی بۆ ناو باخچە بچکۆلانەکەم و ھەڵمژینێکی ھەوای پاک و بێ گەردی تەڕی بەھاری و خۆخەریک کردن بە گوڵ چاندن و ئومێد و ھیوا ڕواندن و بەخۆدا چوونەوە لەھەموو ئەو ئاکار و ھەڵوێستانەی کەپێش ئەم سەردەم و قۆناغە نۆێیەی کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا پێناسە و دنیابینییەکی دیكەی دروست کرد .
ئاوا و بەم شێوەیە نزیکەی پێنج ھەفتەیەکمان بەڕێکرد، بە ھیوای کە ئیتر دوای وانە پڕ لەماناکانی ڕۆژگاری کۆرۆنا ژیان و ھەڵسەکەوت و دنیابینیمان جۆرێک لە پێداچوونەوە و تێفکرینی تیدا کرابێت. ئەگەرچی ھێشتا مەترسییەکە گەورەیە و نھێنی و ناڕوونییەک لە ئایندەییدا ھەیە ، بەڵام من بەئومێد و ئەزموونێکی ترەوە دەمەوێت لە قوناغی دوای کۆرۆنادا ھەنگاو بنێم و ھیوا و ئاوات و پرۆژەکانم بێنمەدی.