جیهان هەشت كاتژمێر بووە بینەری گۆرانی و نمایشەكان
ڕێكخراوی (Global Citizen) بە هاوكاری ڕێكخراوی تەندرووستی جیهانی, توانی لە پەخشێكی ڕاستەخۆدا لە ژێر ناونیشانی(the one world: together at home) كە 8 كاتژمێر خایاند و زیاد لە 100 بەشداربوو لەسەرانسەری جیهان كۆ بكاتەوە, هەروەها خەڵكی بینەری ئەم نمایشە بوون لە چەند كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان, لەم پەخشە ڕاستەخۆیەدا ژمارەیەك كەسایەتی جیهانی لە ڕاگەیاندكار و ئەكتەری ناسراو لە ماڵەكانی خۆیانەوە دەردەكەون لەوانەش ئۆپرا وێنفری و ستیڤن كۆڵبیر و ئەستێرەی بۆڵیوود پریانكا چۆپرا و هەیدی كلۆم , وە ئەستێرەی دیاری هۆڵیوود ئیدریس ئەلبا و كیت وێنسلیت و جاك بلاك و چەند ئەكتەرێكی دیكە .
هەروەها لەم پەخشە ڕاستەخۆیەدا گەورەترین كۆنسێرتی گۆرانی بەڕێوەچوو كە ژمارەیەك هونەرمەند تێیدا گۆرانیان چڕی لەوانەش هونەرمەندی جیهانی ئەندریا بۆچێللی و تایلۆر سوێفت و بیڵی ئایلیش و ئێلی گۆلدینگ و لەیدی گاگا و سیلین دیۆن و جنێفەر لۆپێز و هونەرمەندی ئیماراتی حوسێن جسمی و كیشا و جۆن لیگاند و سەباستیان یاترا و چەند گۆرانیبێژێكی دیكە .
هەروەها لە پاڵ نمایشكردنی چەند كورتە ڤیدیۆیەك لە نێو نەخۆشخانەكانەوە, ژمارەیەك پزیشكان و چالاكوانان لەو پەخشە ڕاستەخۆیەدا ئاماژەیان بەوەدا كە پێویستە خۆمان لە شوێنی قەرەباڵغی بەدوور بگرین و ماسك و ڕێنماییە تەندرووستییەكان تاكە ڕێگایە بۆ بەهێز بوونی مرۆڤ لە بەرامبەر پەتای كۆرۆنا, هەروەها جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە پێویستە لە ماڵەوە بمێنینەوە تا بەسەر ئەم پەتایەدا زاڵبین .