هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا: لە رۆژانی كەرەنتینە كتێبخانەكەم رێك دەخەمە و كاتێكی زۆریش لەگەڵ شیرین و شادی بەسەردەبەم

هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا:  لە رۆژانی كەرەنتینە كتێبخانەكەم رێك دەخەمە و كاتێكی زۆریش لەگەڵ شیرین و شادی بەسەردەبەم
هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا یەكێكە لە ئەستێرەكانی بواری نواندن لە كوردستان، بەشداری چەندین كاری نواندنی كردووە و لە ماوەی نزیكەی 40 ساڵی رابردوودا جێ پەنجەی لەو بوارەوە دیار و بەرچاو بووە، لەبەر ئەوەی پێش هاتنی كۆرۆنا نەشتەرگەریی ئەنجامدابوو و رۆژانە چارەسەر وەردەگرێت، بۆیە زیاتر ئاگاداری رەوشی تەندروستیی خۆی دەبێت و رێنماییە تەندروستییەكان جێبەجێ دەكات.هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا هەوڵیداوە سوود لە ماوەیە كەرەنتینە وەربگرێت و كاتی خۆی رێكخستووە بە گوێرەی بەرنامەیەكی رێكوپێك، لەم رووەوە بەم شێوەیە باس لە بەسەر بردنی كاتی كەرەنتینە دەكات:سەرەتا دەبێ بڵێم لەبەر ئەوەی من نەخۆشم و ماوەیەک بەر لەپەیدا بوونی ئەم پەتا کوشندەیە نەشتەرگەری بڕینی گرێی شێرپەنجەم بەسەرکەوتوویی بۆ ئەنجامدرا، واتە لەشی من و تەمەنەکەم مەترسی توش بوونی ئەم پەتایەی پتر لێدەکرێت لەچاو کەسێکی ئاسایی ، بۆیە هەر لە سەرەتاوە بەشێوەیەکی تەواو پابەند بووم بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندرووستی و ناوخۆ و دەزگا تەندروستیەکان، بەڵام لەبەر ئەوەی من چارەسەری نەخۆشیەکەم هەیە لە نەخۆشخانەی رزگاری، سەرەتا بەوەرگرتنی دەرزی کیمیایی و پاشتریش بە وەرگرتنی چارەسەری لیزەر کە دەبێت هەموو بەیانیان جگە لە ڕۆژانی پێنج شەممەو هەینی لە نەخۆشخانەی ڕزگاری ئامادەبم، کە دەبێت بڵێم من وەک نەخۆشێک زۆر سوپاسی کارمەندان و پزیشکەکانی هەردوو بەشی گرێی شێرپەنجەو لیزەر دەکەم کە بەراستی دڵسۆزانە لەم بارودۆخە ناجۆرە لە خزمەت نەخۆشەکانیانن خوای گەورە پاداشتیان بداتەوە .
هەرکە لە نەخۆشخانەش گەڕامەوە ماڵ پاش فڕێدانی دەمامک و دەستەوانە لە شوێنی تایبەتی ئیدی دەچمە نا کتێبخانەکەم لە نهۆمی دووەم، چونکە کتێبخانەکەم هەر لەسەرەتاوە زۆر ناڕێک و بێسەروبەر بوو، ئیدی ڕۆژانە دوو سێ سەعات بەڕێکخستن و تۆمارکردنی کتێبەکانم بەسەر دەبەم، وەکی دی سەعاتێک مژولی فەیسبوک و گفتوگۆ لەگەڵ هاوڕێیانم لەم تۆڕە کۆمەڵایەتیە بەڕێ دەکەم، پاشتر سەعات هەشتی ئێوارە بەدیار هەواڵەکانی Tv دەقەتێنم. دواتر سەعات دە بەدیار درامای دۆبلاژکراوی تەلەفزیۆنی سپێدە بەناوی (ستایش) دادەنیشم. کەبووە سەعات یانزە چاو دەدەمە بەرنامەی (کۆڤید 19) و گوێ لە هەرسێ دکتۆری خۆشەویست (د. ئاراس برادۆستی و د. ڕێبین زیخانی و د . عەلی بەرزنجی) لە Tv رووداو .
پاشتر ماوەی نیو تا یەک سەعات وەرزشێکی سادە و ساکار ئەنجام دەدەم، پاشان بۆ سەر پێخەفی خەوتن و ماوەیەک خەریکی فەیسبوک دەبم و ئیدی خەو دەمباتەوە. ئەمە جگە لەو کاتانەی کە دەرفەت درووست بێت لەگەڵ شیرین و شادی دادەنیشم و قسەی خۆش و یادی ڕۆژانی خۆشی بەر لە نەخۆشیەکەم و هاتنی کۆڕۆنای دڕندە دەکەین. ئیدی بەم شێوەیە ڕۆژەکانی کرێنتینا بەسەر دەبەم.
زۆر سوپاس بۆ هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی کە بەوپەڕی دڵسۆزی ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن، هەروەها سوپاس بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هەر لە سەرەتاوە کوردانە و جوامیرانە دژ بە ڤایرۆسەکە ڕێوشوێنی گونجاوی گرتە بەر، بەهیوای سەلامەتی بۆ هەموو لایەک .
*وێنەكە یەكەم جارە بڵاو دەكرێتەوە
Top