نەتالیا: ئەو ماوەیە دەرفەتە بۆ پێداچوونەوەی پەیوەندییەكانمان
گرنگترین كار پێویستە لەسەر هاووڵاتیان ئەوەیە لە ئێستادا لە ماڵەكانیان بمێننەوە و پابەند بن بە رێنماییە تەندروستییەكان بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان، چونكە ئەم پەتایە هیچ چارەسەرێكی نییە وتاكە چارەسەر تەنیا بریتییە لە خۆپاراستن وپابەندبوون، دڵنیا بن ئەم دۆخەش تێدەپەڕینین و سەركەوتوو دەبین.
سەرەڕای ئەوەی كە مانەوە لە ماڵەوە رەنگە ئاسان نەبێت، بەڵام لە هەمان كاتدا دەرفەتێكی باشە بۆ ئەنجامدانی ئەو كارانەی كە پێشتر ئەو كاتەمان نەبووە تەواویان بكەین، هەروەها دەرفەتێكی باشە بۆ پێداچوونەوەی پەیوەندییەكانمان و لێك نزیك بوونەوەی ئەندامانی خێزان و بوونی لێك تێگەیشتنی زیاتر.
منیش وەك كە هەموو هاووڵاتییەكی دیكە لە ماڵەوە كاتەكانم بەسەر دەبەم، جگە لە كاری هونەری پارێزەریش دەكەم، بۆیە لە ماڵەوەش كاتەكانم بە كار كردن بەسەر دەبەم كە بریتییە لە راپەڕاندنی كاری پارێزەری، هەروەها كاری هونەریشم پشتگوێ نەخستووە و بەردەوامم لەسەری، رۆژانەی چەند پارچە موزیكێك دەژەنم و گۆرانی دەڵێم، لە ماوەی رابردوودا كارەكانی دوایین ئەلبوومی خۆم تەواو كرد و پەنا بە خوا لە نزیكترین دەرفەتدا بڵاو دەكەمەوە.