سەعدون یونس: ئەم دۆخە باشترین دەرفەتە بۆ پێداچوونەوەیەكی وردی خۆمان

سەعدون یونس: ئەم دۆخە باشترین دەرفەتە بۆ پێداچوونەوەیەكی وردی خۆمان
هونەرمەند ودەرهێنەری ناسراوی كورد سەعدون یونس كە ئێستا لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە بەم شێوەیە باس لە بەسەربردنی كەرەنتینە وقەدەغەی هاتوچۆ دەكات:
زۆربەی كاتی خۆم لە ماڵەوە بەسەر، هەرچەندە رێكارەكانی قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە ئەڵمانیا وەكو كوردستان توند نین و من دەتوانم بۆ كاری پێویست بچمە دەرەوە.
ئەو كاتانەی لە ماڵەوە بووم بۆ من دەرفەتێكی زۆر باش بوو بەتایبەتی بۆ ئەو شتانەی كە دەمویسە بیانخوێنمەوە ، ئێستا دەستم بە خوێندنەوەی و نووسینەوەی هەندێك بابەت كردووە، جگە لەوەی بەردەوام لە پەیوەندیدام لەگەڵ كوردستان.
بەڕای من ئەم قەدەغەیە دەرفەتێكی باشە بۆ مرۆڤ تاكو پێداچوونەوەیەكی خۆی بكات، چونكە دڵسۆزترین و راستگۆترین كەس بۆ خۆت تەنیا خۆتی، دەرفەتێكی باشە بۆ ئەوەی مرۆڤ پێداچوونەوەی خۆی بكات و بزانێت چی ئەنجامداوە و چی لەسەری پێویستە تا ئەنجامی بدات لە گشت بوارەكاندا، لە خۆشەویستی، لە ژیانی تایبەتی، پەیوەندیی كۆمەڵایەتی، دەسەڵات و حزبە سیاسییەكان.راستە ئێستا لە یەكتر دوورین، بەڵام دڵنیام بە باوەشێكی گەرم و خۆشی یەكتر دەبینینەوە.
من بەشێكی زۆری كاتی خۆم بۆ خوێندنەوە تەرخان كردووە، رۆژانە دوو جار وەرزش ئەنجام دەدەم، پیاسەیەكی كورت، لەگەڵ پێداوچوونەوەی وردی خۆم بزانم چیم ئەنجامداوە و چ ئەركێكم لەسەرە، بۆیە هیچ كاتێك دڵتەنگ نەبووم و دلخۆشم و زۆر بە گەشبینییەوە لە دواڕۆژ دەڕوانم و دڵنیام كە ئەو دۆخەش تێدەپەڕێنین، لە هەموویشی گرنگتر پێویستە مرۆڤ لە خوای نزیك بێتەوە كە ئەمە دەرفەتێكی گەورەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە و قەرەبوو كردنەوەی ئەو هەلانەی كە لە دەستمان چووە.
Top