ئالتۆن جۆن یەك ملیۆن دۆلار دەبەخشێت
ئالتۆن جۆن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان تویتێكی بڵاوكردەوە, تێیدا ئاماژە بەوە دەدات كە دەزگاكەی سندوقی هاوكاری ڕاگەیاندووە, وە ئەمەش جێی شانازییە, هەروەها ئامادەیی خۆی نیشاندا بە بەخشینی ملیۆنێك دۆلار بۆ ئەو سندوقە, وە ڕایگەیاند كە دەزگاكەی جگە لەوەی كە تایبەتە بە هەڵگری ڤایرۆسی(HIV) و ئەوانەی كە كێشەی بەرگری لەشیان هەیە, لەم بارودۆخەدا چارەسەری تووشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەستۆ دەگرێت, هەروەها دەڵێت لە ئێستادا پزیشكان و زانایان لەپێش ئەم پەتایە وەستاونەتەوەو لە هێڵی پێشەوەی بارودۆخەكەن وە سەڵماندوویانە كە ئەوان قارەمانن .
دەزگای (elton john aids foundation), كە تایبەتە بە نەخۆشی ئایدز و ئەو كەسانەی كە كێشەی بەرگری لەشیان هەیە لە بەرامبەر ئەم جۆرە ڤایرۆسە, هەڵدەستێت بە تەرخان كردنی پێداویستی و گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان و هۆشیاركردنەوەی ئەو كەسانەی كە كێشەی بەرگری لەشیان هەیە .
ئالتۆن جۆن سەرەتا لە ساڵی 1992 لە ئەمریكا و لە دواییدا لە ساڵی 1993 لە وڵاتی بەریتانیا ئەم دەزگا خێرخوازییەی دامەزراند, كە هەریەكەیان بە شێوەیەكی سەربەخۆ كاردەكەن, ئەوەی لە ئەمریكایە تایبەتە بە ناوچەكانی ئەمریكا بە هەردوو بەشی ئەمریكا و ناوچەكانی دەریای كاریبی, وە لقەكەی دیكەی لە وڵاتی بەریتانیا كاروچالاكییەكانی لە كێشوەرەكانی ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقیا ئەنجام دەدات .