نوێترین هەواڵی ئەستێرەكانی بۆڵیوود

نوێترین هەواڵی ئەستێرەكانی بۆڵیوود
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ وڵاتێك وەكو هیندستان شتێكی سەخت دەبێت, بۆیە حكومەت و دامەزراوەكان دووچاری ئەركێكی زۆر قورس دەبنەوە كە قەدەغەكردنی هاتوچۆو باروگوزەرانی هاوڵاتیان زۆر خراپتر دەكات, بۆیە هاوشێوەی وڵاتانی دیكە, بەشێك لە ئەستێرەكانی بۆڵیوود بوونە هاوكارو یارمەتیدەر بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە .

دوای ئەوەی (ناریندرا مودی)ی سەرۆك وەزیرانی هیندستان سندوقێكی دامەزراند لە ژێر ناوی(PM CARES) بۆ پاڵپشتی لە توانای ئەو وڵاتە لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا, ئەستێرەی بۆڵیوودو پاڵەوانی فیلمی (kesari) ئاكشای كومار, لە تویتێكدا ئامادەیی خۆی نیشانداو بڕی 25 كرۆری بەو سندوقە بەخشی كە دەكاتە (3,294,133) دۆلاری ئەمریكی, هەروەها ئەكشای كومار دەڵێت: ئێستا كاتیەتی هاوڵاتیانی هیندستان بپارێزین.. با هەموومان پێكەوە ئەوەی لە توانامانە ئەنجامی بدەین .

لەلایەكی دیكەشەوە.. ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆو بۆ ماوەی 21 ڕۆژ, ڕاستەخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر ئەو كەسانەی بە كرێی ڕۆژانە كاردەكەن, بەم هۆیەوە ئەستێرەی بۆڵیوود(سەلمان خان)ی تەمەن 54 ساڵ, لە ڕێی (Being Human Foundation) كە دەزگایەكی خیرخوازییە سەلمان خان لە ساڵی 2007 دایمەزراند, هەوڵدەدات هاوكارییەكی ماددیی بۆ 25000 كەس دابین بكات, ئەوانیش ئەو كارمەندانەن كەلە بواری سینەمادا بە شێوەی كرێی ڕۆژانە كاردەكەن .

ئەگەر چی شارۆخان و عەلیا بهات لە ساڵی 2016 بوونە پاڵەوانی فیلمی(dear zindagi), لە ئێستادا سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا, دەنگۆیەك هەیە كە ئەم دوو ئەستێرەیە ديسانەوە بەشداری لە فیلمێكی سینەمایی دەكەن, وە بەپێی ئەو هەواڵانەی بڵاوكراوەتەوە فیلمە نوێیەكە (سیدهارت ئەناند) كاری دەرهێنانی بۆ دەكات .
بەڵام بە هۆی مەترسی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەم فیلمە لە داهاتوویەكی نزیكدا كاری وێنەگرتنی ناكرێت, وە سەرقاڵ بوونی عەلیا بهات بە چەند پڕۆژەیەكەوەو سیدهارت ئەناند بە فیلمی ڕامبۆ كە تایگەر شرووف پاڵەوانیەتی, هێشتا دیار نییە بەیەكگەیشتنەوەی شارۆخان و عەلیا بهات لەم فیلمەدا لە چ بەروارێك دەبێت .
Top