ئایا ڕووداوی كوشتنەكەی ماڵی نانسی دادەخرێت

ئایا ڕووداوی كوشتنەكەی ماڵی نانسی دادەخرێت
ئەگەر چی لە ماوەكانی ڕابردوو باوكی(محەمەد حەسەن موسا)ی كوژراوەكەی مالی نانسی عەجرەم لە كورتە ڤیدیۆیەكدا دوورخستنەوەی خانمە پارێزەر (ڕیهاب مەمدوح بەیتار)ی ڕاگەیاند, بەڵام لە دواییدا ڕیهاب ئاماژەی بەوەدا كە ئەو بڕیارە تەنها بە لێدوان ناكرێت و پێویستی بە ڕێكاری یاسایی هەیە, وە لەبەر ئەوەی هێشتا ئەو دەسەڵاتەی بەدەستەوەیە لە بەرگری كردن لە خوێنی ئەو كوژراوە ناوەستێت و بەردەوام دەبێت, بە ووتەی خۆی گەر كەسوكاری كوژراوەكەش ئەو بڕیارە بدەن ئەوا واز لەو كەیسە ناهێنێت چونكە ئەوە بابەتێكە پەیوەندی بە ڕوحی مرۆڤەوە هەیە .

دوێنێ سێشەممە بەرواری 31ی ئاداری 2020 , خانمە پارێزەر (ڕیهاب مەمدوح بەیتار)ی بالیۆزی ئاشتی لە فیدڕاڵی جیهانی بۆ ئاشتی لە نیویۆرك- باڵیۆزی مافەكانی مرۆڤ- وە سەرۆكی ڕێكخراوی (جسور السلام والثقافة) لە كالیفۆرنیا, تۆمارێكی دەنگی بڵاوكردەوە تێیدا ئاماژە بەوەدەدات كە ئەو لەبەر پارێزگاری لە نازناو و ئەو پێگەیەی كە هەیەتی, بە شێوەیەكی فەرمی وازهێنانی خۆی لە كەیسەكەی (محەمەد حەسەن موسا) ڕاگەیاند, هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە كەسانێك بە شێوەی جۆراوجۆر ناویان شێواندووەو بەوە تۆمەتباریان كردووە كە گوایە كەیسەكەی شێواندووەو بەلاڕێیدا بردووە, هەروەها دەڵێت سەرەڕای ئەوەی كە وەكو پارێزەر كاری لەسەر ئەو كەیسە كردووەو زیاد لە توانای خۆی نیشاندا, بەڵام ئەو وەكو مرۆڤێك پارێزگاری لە مافی لایەنی لاوازی دەكردو هەرگێز پێشبینی نەدەكرد كە بەو شێوەیە وەڵام بدرێتەوە .

هەر لەو ڕوونكردنەوەدا ئاماژەی بەوەكرد كە ئەو قسانە ناڕاستن و ئەو كەسەی بە هەوڵێكی دۆڕاو ناوی زڕاندووە ئەوە دەتوانێت لە دادگادا بەڵگەكانی ئاشكرا بكات, ئەگەر نا.. ڕیهاب ناچار دەبێت خۆی لە داداگادا وەڵامی بداتەوە و ڕووبەڕووی ببێتەوە, هەروەها ڕیهاب بەیتار هیوای ئەوەی خواست كەلە دواڕۆژدا خودا نیشانی بدات كە كێ ئەو كەیسەی فرۆشتووەو كێ هۆكار بووە لە شێواندنی كەیسەكە, وە لە كۆتایی ڕوونكردنەوەكەیدا ئاماژەی بەوەدا كە ڕۆڵی ئەو وەكو باڵیۆزی مافەكانی مڕۆڤ لەو شوێنانەیە كە هەزاران كەسی لێ دەكوژرێت و كەسیش ویژدانی ناجوڵێت, وە سوپاسگوزاری هەموو ئەو كەسانەی كرد كە هاوكاری بوون و پاڵپشتیان كرد لە كەیسەكەدا .

شایەنی باسە.. لە چەند ڕۆژی ڕابردوو هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە كە پزیشكی دادی لە وڵاتی سووریا لە نوێترین پشكنین و لێكۆڵینەوە لە تەرمی محەمەد موسا, گەیشتنە ئەو بڕیارەی بڵێن كە بەشێكی زۆر لەو فیشەكانەی كە بە جەستەیەوە دەبینرێت.. لە بەشی پێشەوە بووە, لە تویتێكدا بەڕای ڕیهاب بەیتار ئەو كەسە ڕووبەڕوو تەقەكانی كردووەو نیاز لەو ڕووداوە كوشتن بووە, نەك بەرگری كردن لە خۆ, هەروەها لە تویتێكی دیكەدا ڕایگەیاند, لە ڕاپۆرتی پزیشكی سووریا هاتووە كە ڕووداوەكە بەرگری لە خۆ نەبووەو كوشتنی بە ئەنقەست بووە .

لە سەرەتای ئەمساڵ گەنجێك بە ناوی(محەمەد حەسەن موسا) هێرشی كردە سەر ماڵی خانمە گۆرانیبێژی لوبنانی نانسی عەجرەم و دوای ڕووبەڕووبوونەوە, (فادی هاشم)ی هاوسەری نانسی دەیكوژێت, ئەوەی كە زیار ئەم ڕووداوەی خستە بەرباسەوە ئەوە بوو كە فادی بە 16 فیشەك ئەو گەنجەی كوشت, وە لە دوای 2 مانگ لە ڵێكۆلینەوە و بە دواچوون تەرمەكەی لە ساردكەرەوە دەرهێنرا و گەیەندرایە وڵاتی سووریا .
Top