هونەرمەندانی لوبنان هاوكاری كەرتی تەندرووستی وڵاتەكەیان دەكەن
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو گۆرانیبێژی لوبنانی (وائل كەفووری) لە میانی بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی, وەكو دەست پێشخەرییەك بڕی 15 ملیۆن لیرەی لوبنانی پێشكەشی خاچی سووری لوبنان كرد كە ئەمەش بە مانای هاندانێك دێت بۆ پاڵپشتی كردنی كەرتی تەندرووستی وڵاتەكەی لەپێناو دابینكردنی دەرمان و كەرەستەی تەندرووستی .
لە دوای ئەم هەنگاوەی وائل.. خانمە گۆرانیبێژ و ئەكتەری لوبنانی (هەیفا وەهبی) 20 ملیۆن لیرەی لوبنانی وەكو هاوكاری بەخشی, ئەویش بە شێوەیەك كە 10 ملیۆنی بۆ نەخۆشخانەی "بەیروت"ی حكومی تەرخان دەكرێت, وە 10 ملیۆنەكەی دیكەش بۆ خاچی سووری لوبنانی .
لەلایەكی تریشەوە هونەرمەندی ناسراو (ڕاغب عەلامە) لە میانی بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی ئامادەیی خۆی ڕاگەیاند لە بەخشینی 25 ملیۆن لیرەی لوبنانی, ئەویش بە جۆرێك بڕی 15 ملیۆنی تایبەت دەبێت بۆ نەخۆشخانەی "بەیروت"ی حكومی, وە 10 ملیۆنیش بۆ خاچی سووری لوبنانی, هەروەها ڕاغب عەلامە داوای كرد كە هونەرمەندان هاوكار بن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم بارودۆخە و كەرتی تەندرووستی وڵاتی لوبنان پێویستی بە هاوكاری هەیە .