فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسكۆ بۆ فیلم و سینەما دواخرا

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسكۆ بۆ فیلم و سینەما دواخرا
لە ئێستادا لە ڕۆژنامەو ماڵپەڕە جیهانییەكان بڵاوكراوەتەوە كە خولی 42ی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسكۆ بۆ فیلم و سینەما دوا دەخرێت بۆ كاتێكی نادیار .

بە هۆی مەترسی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا, لە وڵاتی ڕووسیا خولی 42ی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسكۆ بۆ فیلم و سینەما دواخرا بۆ كاتێكی نادیار, بەم هۆیەوە(نیكیتا میخالكۆڤ)ی سەرۆكی ئەم فێستیڤاڵە هەواڵی دواخستنی فێستیڤاڵەكەی ڕاگەیاند, هۆكارەكێشی گەڕاندەوە بۆ بڕیارەكانی حكومەتی ڕووسیا لەسەر ئەو چالاكی و ئاهەنگ و گردبوونەوە جەماوەرییەكانەی كە تێیدا زیاتر لە 50 كەس بەشدار دەبن, بەم هۆیەوە لیژنەی فێستیڤاڵەكە لەبەر سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان ناچاربوون پابەندی ڕێنماییەكان بن و ئەو چالاكییە دوا بخەن .

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسكۆ بۆ فیلم و سینەما كە بڕیاربوو لە 22-29 ی نیسان لە مۆسكۆی پایتەختی وڵاتی ڕووسیا بەڕێوە بچێت, بە یەكێك لە فێستیڤاڵە جیهانییەكان هەژمار دەكرێت, دامەزراندن و یەكەم خولی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1935 , وەلە ساڵی 1959 دوو ساڵ جارێك بەڕێوە دەچوو, وە لە ساڵی 2000 ئەم فێستیڤاڵە بە شێوەیەك ڕێكخرا كە هەموو ساڵێك ئەنجام بدرێت .
Top