هارڤی واینستین 23 ساڵ زیندانی دەكرێت
دوای بەڕێوەچوونی چەندین دانیشتن لە دادگای باڵای تاوانەكان لە مەنهاتن لە ئەمریكا, لەوكاتەدا شەش ئافرەت سكاڵایان لەسەر هارڤی واینستن تۆمار كرد و ڕایانگەیاند كە هارڤی دەستدرێژی سێكسی كردووەتە سەریان, دادگای مەنهاتن بڕیاریدا تەنها لەگەڵ دوو كەسیان بدوێت, كە ئەوانیش (میمی هالی و جێسیكا مان) بوون .
دوا بڕیاری دادگا بریتی بوو لە زیندانی كردنی هارڤی واینستن بۆ ماوەی 23 ساڵ, ئەویش بە جۆرێك, 20 ساڵ زیندانی بۆ ئەو تاوانەی كە بەرامبەر بە میمی هالی ئەنجامیدا لە ساڵی 2006 , وە 3 ساڵ زیندانی بۆ ئەو تاوانەی كە بەرامبەر جێسیكا مان ئەنجامی دابوو لە مۆتێلێكدا لە ساڵی 2013 .
دوای دەرچوونی بڕیارەكە پارێزەری ئەم ناودارە ڕایگەیاند كە سزایەكی زۆری بەسەردا سەپێندراوە و پێویستە كەم بكرێتەوە, لەلایەكی تریشەوە (بۆب واینستن)ی برای هارڤی زۆر بە توندی هێرشی كردە سەرو بە كەسێكی خراپ ناوی هێنا, بە پێی ئەو هەواڵەی كەلە ڕۆژنامەی (میرۆر)ەوە بڵاوكرایەوە بۆب گوتوویەتی كە هارڤی واینستن شایەنی دۆزەخە .
ئەوەی كە لەم چەند ساڵە تۆمار كراون و لە ماڵپەڕ و ڕۆژنامەكاندا گلەیی و ڕاستییەكانیان باسكراون, دەردەكەوێت كە نزیكەی 80 ئافرەت لەلایەن هارڤی واینیستینەوە دەستدرێژی سێكسییان كراوەتە سەر .
هارڤی واینستن لە 19-3-1952 لە نیویۆركی ئەمریكا لە دایك بووە, ئەم ناودارە دوو جار هاوسەرگیری كردووە و خاوەنی 5 منداڵە, ناوبراو وەكو دەرهێنەر و بەهەمهێنەر كاری لە بواری فیلم و سینەمادا كردووە, هەروەها بەهاوكاری بۆب واینستنی برای بەشدار بووە لە دامەزراندنی كۆمپانیای(Miramax Films) تایبەت بە فیلم و سینەما, دیارترین لەو فیلمە سینەماییانەی كە كاری تێدا كردووە وەكو بەرهەمهێنەر و جێبەجێكار بریتییە لە (Gangs of New York)و(The English Patient)و(Malena)و(The Reader) و چەندین فیلمی دیكە .
وە لەدواییدا هارڤی واینستین و براكەی توانیان لە ساڵی 2005 بۆ 2017 كۆمپانیایەكی تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن بەناوی(The Weinstein Company), بەڵام لە ئەكتۆبەری 2017 دوای بەرزبوونەوەی دەنگی چەند ئافرەتێك كە ڕایانگەیاند هارڤی دەست درێژی سێكسی كردووەتە سەریان, لەوكاتەدا كۆمپانیاكە ناچاربوو هارڤی دوور بخاتەوە لە كارەكەی .