حەسەن شەریف كۆبەرهەمی (ئاوازێن شۆڕەشێ) بڵاو دەكاتەوە
ئا: ژەنیار بۆتانی
ئەم بەرهەمەی سترانبێژ (حەسەن شەریف) بیست و هەشت تراك لەخۆ دەگرێ و لە سەرجەم ئەو سروود و گۆرانییانە پێكهاتووە، كە لە دوای سەرهەڵدانەوە بۆ نیشتمان و بەرخودان و كوردایەتی و خۆشەویستیی كورد و كوردستان چڕیویەتی، ئاوازێن شۆڕەشێ چەپكە گۆرانییەكە كە بۆنی ساڵانی خەبات و چەرمەسەری و خەونی ئازادبوون و سەرفرازی لێ دێ.
لەسەر كەڤەری ئەلبوومەكە حەسەن شەریف نووسیویەتی: «ئەم ئەلبوومە لە گۆرانییە نەتەوەییەكانی ئێمە پێكهاتووە، كە بە درێژایی پتر لە سی ساڵ لە ناو بەرهەمەكانی پێشوومدا گوتوومە، بەم كۆبەرهەمە ویستمان رەنجی چەندین ساڵەی خۆمان لە بواری هونەری شۆڕەش و بەرخودان و وڵاتپارێزیدا بكەینە دیاری بۆ بیسەران و تێكڕای گەلی خۆمان، لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی بێپایانی خۆم ئاراستەی برای دڵسۆزم زیندان مووسا ئۆرەیی بكەم، كە سپۆنسەری و تێچووی بەرهەمەكەی لەئەستۆ گرت، ئەگەر رەنج و خەمخۆری و دڵسۆزیی ئەو نەبا، ئەم كۆبەرهەمە رووناكیی نەدەبینی، هەروەها سوپاسی بێپایان بۆ رۆژنامەڤان و دیزاینەری دەستڕەنگین كاك عیسا بۆتانی كە زۆربەی گۆرانییەكانی ئامادەكرد و كەڤەری ئەلبوومەكەی بە جوانترین شێوە نەخشاند، دیسان پێمخۆشە سوپاسی هاوڕێی هونەرمەندم كاك هاروون ئاتامان بكەم، كە لە رووی تەكنیكی دەنگ و چاپكردن و رێكحستنی گۆرانییەكان لێهاتوویی خۆی نواند».
حەسەن شەریف ئەوەشی گوتووە كە «هونەر و ستران بە هێزی ئافراندن دەتوانن پارچەكانمان كۆ بكەنەوە، گۆرانی تەنیا هەڵڕشتنی حەسرەت و هیوا نییە، بەڵكو دەتوانێ مرۆڤ و نیشتمان بۆ یەكتری بنیات بنێ».
لەبارەی بەرهەمهێنانی ئەلبوومەكەش، زیندان مووسا دەڵێ: «ئێمە دەمێكە شەیدای هونەری شۆڕش و بەرخودانین و زۆر حەزمان لە دەنگ و سەدای هونەرمەندی پێشمەرگە (حەسەن شەریف)ـە، ساڵانێكە گوێبیستی دەنگی ئەم هونەرمەندە مەزنەین، وەك هونەردۆستێك ویستم خزمەتێك پێشكەشی گەلەكەم و هونەری رەسەنی نەتەوەكەم بكەم، ئەوەبوو هەستاین بە كۆكردنەوەی سەرجەم سروود و گۆرانییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی حەسەن شەریف، لە كۆبەرهەمێكدا، كە دوو (سی دی) لەخۆ دەگرێ، بە دیزانێكی جوان و كوالێتییەكی بەرز، لە ئەستەنبووڵ چاپ و بەرهەم هات، لە هونەرمەند و بیسەران و هەمووان پیرۆز بێ، پەنا بە خودا لە داهاتوودا كاری جوانتریش بۆ حەسەن شەریف دەكەین، ئەو دەنگی شۆڕش و بەرخودان و دۆزی نەتەوەییمانە».
شایانی وەبیرهێنانەوەیە، حەسەن شەریف وەك هونەرمەندێك لە سەرەتای هەشتاكانی سەتەی رابردوو بە هۆی هەڵوێستی كوردانە و نیشتمانپەروەرانەی خۆیەوە، كە هەمیشە لە ئاهەنگ و كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا گۆرانیی شۆڕشگێڕیی دەگوتەوە، پیاوانی رژێمی بەعسی لەناوچوو بەدوایەوە بوون و دەیانویست دەستبەسەری بكەن، بەڵام ئەو توانی رزگاری ببێ و پەیوەندی بە ریزەكانی پێشمەرگە و شۆڕشی كوردستانەوە بكات و هونەر و هەڵوێستی خۆی لە پێناو كورد و كوردستاندا درێژە پێ بدات، لەو ماوەیەدا و هەتا ئێستا دەیان بەرهەم و سروود و گۆرانی بۆ خاك و ئازادی و خەون و ئامانجەكانی گەلی كوردستان بە دەنگە زوڵاڵەكەی چڕیوە.