یەك تابلۆ بە ساڵێك

یەك تابلۆ بە ساڵێك
ئێمە نازانین هونەرمەندانی چاخەكانی دێرین لە دروستكردنی شاكارەكانی خۆیاندا چەند كاتیان بەسەر بردووە، گەورەهونەرمەندانی سەردەمی رێنیسانس لە ئەورووپا، بۆ تەواوكردنی شاكارێكی هونەری، بە ساڵ كاتیان لە تەمەنی خۆیان خەرج كردووە. بۆ نموونە (مایكل ئەنجیلۆ)ی ئیتاڵی لە رازاندنەوەی میچی كڵیسای سیستان چوار ساڵی تەمەنی خۆی بۆ نەخشاندنی 300 وێنە خەرج كرد، ئەوە كاتێك لە رابردوودا كە ریتمی ژیان هێور و هێدی بووە، بەڵام لەم رۆژگارەدا كە ریتمی ژیان زۆر خێرایە و تا دێت خێراتریش دەبێت، ئاخۆ هیچ هونەرمەندێك هەیە بتوانێت كاتێكی زۆر بۆ كێشانی تابلۆیەك تەرخان بكات؟ رەنگە كەم كەس هەبن بزانن كە هونەرمەندێكی كورد لە تاراوگە یەك ساڵی تەمەنی بۆ نەخشاندنی یەك تابلۆ تەرخان كردووە. محەمەد ئیسماعیل ئەو هونەرمەندە كوردەیە كە تابلۆیەكی بە یەك ساڵ تەواو كردووە، ئەمەش بۆ خۆی چیرۆكێكی هەیە.

ئا/ تاریق كارێزی

ئەم هونەرمەندەی كوردستان لە قەڵای هەولێر لەدایكبووە، لە ساڵانی نەوەد لە سەدەی رابردوو پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێری تەواو كردووە، هەر لە سەرەتاوە یەكێك بووە لە دەرچووانی خوێندنی ئەكادیمی، كە هەوڵی دەدا رچەشكێنی بكات و ئەزموونی نوێ لە بواری هونەری نیگاردا بخاتە روو.
ئەو هونەرمەندە دوای ئەوەی خێزان پێكەوە دەنێت، خودا كوڕێكی پێ دەبەخشێت، كە تووشی ئۆتیزم دەبێت، ئەم دۆخە دژوارە وای لێ دەكات كە خۆی لە داری ئەستەم بدات، بۆ ئەوەی چارەسەرێك بۆ كوڕەكەی بدۆزێتەوە، رەوشی ئەو كاتی كوردستان ناجۆر و پڕ لە كێشە و كەم و كورتی بوو، تەنیا رێی بەردەمی بۆ چارەسەركردنی كوڕەكەی، كۆچكردن بووە بەرەو هەندەران، بە ئومێدی ئەوەی كە بتوانێت چارەسەری بكات، ئیدی لێرەوە چیرۆكی بابەتەكەی ئێمە دەست پێ دەكات.
ئەگەر باوەڕمان وا بێت، بەرهەمی بەرزی هونەر زادەی خەم و خەون و خولیایەكی مەزن و قووڵە، ئەوا بۆ هونەرمەند محەمەد ئیسماعیل نەخۆشیی كوڕەكە دەبێتە ئەو خەم و خولیا مەزنە، كە لە كوردستانەوە بڕیار دەدات بۆ ساغكردنەوەی ئەو خەم و خولیایە لە دەرگای ئەستەم بدات، هەستی مرۆڤانە و مرۆڤدۆستی لە لای هونەرمەند كە زۆر وابەستەی هەست و هەستیارییە، لە ئاستێكی باڵادایە، ئەو هەستەش لە رێی هونەرەوە خۆی دەنوێنێت، كە من پێم وایە لە تابلۆ پۆرترێتی كوڕەكەیدا، محەمەد ئیسماعیل بە قووڵی ئەو هەستەی بەرجەستە كردووە. وەك دەڵێت: «من دەمتوانی لە ماوەیەكی كەمدا ئەو تابلۆیە تەواو بكەم، بەڵام ویستم و بڕیارم دابوو، كە هەرچەندی كاتی بوێت، بۆی تەرخان بكەم»، تابلۆكەش بریتییە لە پۆرترێتی ئەو كوڕەی خۆی كە تووشی ئۆتیزم هاتووە. شاراوە نییە هەستی بەرپرساێتیی و باوكایەتی تێكەڵ بە هەستی مرۆڤدۆستانەی ئەم هونەرمەندە بووە، بۆیە زۆر بە شێنەیی بۆ تەواوكردنی ئەو پۆرترێتە دانیشتووە، كە هاتووە و وەك بەڕە و مافووری كوردی ورد ورد نەخشاندوویەتی، تابلۆكە لە دوورەوە بە پۆرترێتێكی ئاسایی دەچێت، بەڵام هەر كە لێی دەچیتە پێش و لێی ورد دەبیتەوە، دەبینیت محەمەد ئیسماعیل هەرچی نەخش و سیمبول و فۆرمی نێو مافووری كوردی هەیە، هەمەجۆر رەنگی نێو ئەو مافوورەی لە كێشان و چنینی ئەو تابلۆیەدا بەكار هێناوە، رووبەری پێكهێنەری تابلۆكە هەر رەنگ نییە، بەڵكوو پەكپارچە نەخش و نیگارستانە. ئەم پۆرترێتە لە پاشخانی هەستی باوكانەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆیە دەبینین هونەرمەند گوێی بەوە نەداوە چەند كاتی دەوێت، تا رادەی ئەوەی كە یەك ساڵی تەمەنی بردووە، ئەو وردەكارییەی لە تەواوكردنی ئەو تابلۆیەدا كراوە، بەرزی دەكاتەوە تا رادەی ئەوەی كردوویەتی بە شاكارێكی هونەریی ئەوتۆ، شایستە بەوەیە كە گۆشەی مۆزەخانەیەك ئاوەدان بكاتەوە.
Top