شیلپا شیتی: ریجیم وەك ژیانی هاوسەری وایە

شیلپا شیتی: ریجیم وەك ژیانی هاوسەری وایە
ئەستێرەی ناسراوی بۆڵیۆد (شیلپا شیتی) سەرەڕای ئەوەی كە تەمەنی سەروو (٤٠) ساڵە، بەڵام بەهۆی رێكی و جوانیی لەشولاریەوە، ئێستاش بە نموونەی جوانی و رێكی لەشی ناسراوە و زۆر جار لە دیمانەكاندا پرسیاری هۆكاری رێكی و جوانی لەشی لێ دەكرێت.
لەم بارەوە شیلپا دەڵێ: «بێگومان بۆ ئەوەی لەشی ئافرەت بە جوانی و سەرنجڕاكێشی بمینێتەوە، پێویستە چەند هەنگاوێك ئەنجام بدات، لەوانە رێكخستنی خواردن و زۆر خواردنەوەی ئاو، ئەنجامدانی وەرزش بە شێوەیەكی رێكوپێك و بەردەوام، پەیڕەوكردنی سیستمێكی دیاریكراوی خواردن، كە هۆكارێكی سەرەكیی جوانیی ئافرەتە».
دەربارەی ئەو رێجیمەی كە لە ژیانی رۆژانەیدا پەیڕەوی دەكات، شیلپا دەڵێ: «رێجیم كارێكی ئاسان نییە، بەتایبەتی بۆ ئافرەتان كە ئارامییەكی زۆری پێویستە، بە شێوەیەكی گشتی رێجیم وەك ژیانی هاوسەریی وایە، كەس ناتوانێت فێڵی تێدا بكات، چونكە ئەگەر فێڵی تێدا بكەی، سەركەوتوو نابی، من پشتگیریی ئەو كەسانە ناكەم كە زیاتر پەنا بۆ ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی دەبەن و دواتریش ئەو مەشقانە پشتگوێ دەخەن، چونكە ئەگەر كەسێك دەستی بە مەشقی وەرزشی كرد، پێویستە بە جددی ئەنجامی بدات و پشتگوێی نەخات، چونكە ئەو شێوازە هەڵیە و لە كۆتاییدا زیانی زیاتر بێت.
شلیپا كە هاوسەری بێزنسمانی ناسراوی هیندستان (راج كۆندرای)یە و خاوەنی منداڵێكە، ماوەی ١٣ ساڵە لە كاری هونەری دووركەوتۆتەوە، سەبارەت بە هۆكاری جوانی و رێكیی لەشی خۆی دەڵێ: «هیچ كاتێك مەشقی وەرزشی و خۆراكی تەندروست و ئەو رێجیمەی بۆ خۆمم دامناوە، پشتگوێی ناخەم و گرنگیی زۆریشی پێ دەدەم، تەنانەت ئەگەر لە گەشتیشدا بم، هەمیشە هەوڵ دەدەم لە شیرینی و چەوری دوور كەومەوە و، بەپێی بەرنامە ژەمە خۆراكەكانمم دابەش كردووە، خواردنەوەی ئاو زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ئافرەت هەمیشە جوان و رێك بێت».
Top