نەوال پیاوێـــكی چۆنی دەوێ؟

نەوال پیاوێـــكی چۆنی دەوێ؟
خانمە گۆرانیبێژی لوبنانی (نەوال زوغبی) رایگەیاند كە ئەو ئێستا دایكێكی سینگڵە و، سێ مانگ لەمەو پێش بە شێوەیەكی فەرمی لە (ئیلی دیب)ی هاوسەری جیا بووەتەوە.
لە دیمانەیەكدا نەوال باسی لە چەند لایەنێكی ژیانی كردووە و دەڵێت: «بەداخەوە ئێستا من لە حاڵەتی خۆشەویستیدا ناژیم، هەستێكی خۆش دەبێت كاتێك ئێستا من كەسێكی گونجاوم خۆش بوێت، بە جۆرێك كە تێگەیشتنی لەگەڵم هەبێت و بمپارێزێت و منیش هەست بە سەقامگیری بكەم».
سەبارەت بە تایبەتمەندییەكانی ئەو كەسەی كە دەیەوێ پەیوەندیی لەگەڵدا هەبێت، نەوال گوتوویەتی: «هیوادارم پیاوێكی راستەقینە بێت، هەروەها هەوڵ نەدات خۆی بەسەر مندا بسەپێنێت، بەڵكو لە ژیاندا پاڵپشتم بێت، دەمەوێ كەسێك بێت كە بە خۆشەویستی و رێزەوە لە ئامێزم بگرێت، بە جۆرێك كە لە باوەشیدا هەست بە ئارامی بكەم».
نەوال باس لەوە دەكات كە بە ئافرەتێكی بەهێز دادەنرێت، لەو بارەشەوە دەڵێت: «لە ژیانمدا هەڵبەز و دابەزی زۆر هەبووە، ئەمانەش وایانكردووە كە لە ژیاندا كەسێكی بەهێز و شارەزا بم و هەوڵم داوە كە رێگا نەدەم هیچ كەسێك بیر لە ئازاردانم بكاتەوە».
هەروەها تیشك دەخاتە سەر كارە هونەرییەكانی و بواری نواندن، لەو رووەشەوە دەڵێت: «زۆر جار داوام لێ كراوە كە لە بواری نواندندا كار بكەم، بەڵام رەتم كردۆتەوە، چونكە ئەمە كاری من نییە، سەبارەت بە گۆرانی وتنیش لە ئێستادا لەگەل كۆمپانیای رۆتانا خۆم ئامادە دەكەم بۆ بڵاوكردنەوەی ئەلبوومێكی نوێ، هەروەها پلانێكم هەیە سەبارەت بە دووبارە تۆماركردنەوەی بەشێك لە گۆرانییە كۆنەكانم، بەڵام تا ئێستا كاتم دیاری نەكردووە.
Top