كاریگەری ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر هونەرو فیلمە جیهانییەكان
ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتە ئەو ڕادەی كاریگەری لەسەر كاری هونەری و فیلمە سینەماییەكانی هۆڵیووديش هەبێت, فیلمی(no time to die) كە بەشێكە لە زنجیرە فیلمەكانی "جێمس بۆند"و "دانیال كرەیگ" پاڵەوانیەتی, لایەنی بەرهەمهێنی ئەم فیلمە سەرەڕای تەواوبوونی كارەكان, بڕیاریاندا لە هۆڵەكانی سینەمادا نمایش نەكرێت, ئەم فیلمە بەرواری نمایشكردنی لە مانگی نیسانەوە گۆڕدرا بۆ مانگی تشرینی دووەم, واتا ئەم فیلمە حەوت مانگ لە نمایشكردنی دواخرا .
لەپاڵ ئەمەش.. لە بەشی حەوتەمی زنجیرە فیلمی ئەمریكی (Mission Impossible) كە وەك هەمیشە تۆم كروز پاڵەوانیەتی, لە وڵاتی ئیتاڵیا كۆمانیای بەرهەمهێنی ئەم فیلمە و سەرجەم ئەكتەر و ستافی كارەكان گەیشتنە ئەو بڕیارەی لە كاری وێنەگرتنی ئەم بەشە بوەستن .
بەڵام ئەوەی زیاتر لە ئێستادا باسی لێوە دەكرێت ئەوەیە كە چەند فیلمێكی دیكە هەن, ئەگەرێكی زۆریان لەسەرە هەر بە پڕۆژەیی بمێننەوەو كاری وێنەگرتنی لەم بارودۆخەدا ئەنجام نەدرێت, "ئەنتۆنی دالیساندرۆ" لە ڕۆژنامەی "دیدڵاین"ەوە ئاماژەی بەوەدا كەلە نێو كۆمپانیا بەهێز و زەبەلاحەكاندا باس لە بارودۆخی سێ مانگی داهاتوو دەكرێت, وە ئەوان هەوڵدەدەن بگەن بە ئەنجامێك لە هەڵسەنگاندنی ئەم بارودۆخەو گاریگەریی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر داهاتی فیلمە سینەماییەكان .
بە پێی لێدوانی ئەو شارەزایە.. ئەو فیلمانەی كە بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا دەستبكرێت بە وێنەگرتنی, چەند فیلمێكی سینەمایین, كە دیارترینیان بریتییە لە بەشی نۆیەمی زنجیرە فیلمی ئاكشن (the fast and the furious) كە "ڤین دیزڵ" پاڵەوانیەتی و لەلایەن كۆمپانیای یونیڤەرساڵ بەرهەمدێت, هەروەها فیلمی (black widow) كە سكارلێت جۆهانسۆن پاڵەوانیەتی, وە باس لە چیرۆكی یەكێك لە كەسە بەهێزەكانی مارڤڵ دەكات, "كاتی شۆرتلاند" دەرهێنەری ئەم فیلمەیە .