نارین فەقێ، خانمە هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان، نوێترین ڤیدیۆکلیپی خۆی لە رۆژی هەشت مارس بەبۆنەی رۆژی ژنان بڵاودەکاتەوە.هونەرمەند نارین فەقێ ئەم گۆرانییەی بەناوی " ژن ژیانە" بڵاوکردووەتەوە، وەکو رێزلێنانێک لە خەبات و تێکۆشانی ژنانی کورد، بۆیە لە نێو کلیپەکەیدا چەند خانمە خەباتکارێکی کورد بەشداریان تێدا کردووە، سینەم بەدرخان، یەکێکە لەو ژنانەی بەشداری لەم کلیپەدا کردووە.لەم بارەوە نارین فەقێ رایگەیاند: گۆرانی (ژن ژیانە) وەك زۆربەی بەرهەمەكانی دیكەم، گۆرانییەكی نیشتمانییە باس لە خەباتی ئافرەتی كورد دەكات و تیشك دەخاتە سەر ئەو خەباتە، پەیامی من لەو گۆرانییەدا ئەوەیە كە خودی ژن ژیانە، ژنی كورد خاوەن خەباتێكی بێ وچانە لە گشت بوارەكانی ژیاندا و شان بە شانی پیاو رۆڵی خۆی هەبووە، بۆیە پێویستە رێز لە ئافرەتی كورد بگیرێت و بە ئازادی بژیت.ئەم گۆرانییە لە تێکستی ئەدیب چەلکییە، میلۆدی و کاری دابەشكردنی میوزیک لەلایەن عەلی شاکر ئەنجامدراوە، کاری دەرهێنانی ڤیدیۆکلیپەکەش لەلایەن هەژار دهۆکی لە سوێد جێبەجێکراوە.نارین فەقێ، لە ساڵی 1980 لە شاری دێرك لە رۆژئاوای كوردستان لە بنەماڵەیەكی هونەری لەدایكبووە و باوك و باپیریشی هونەرمەند بوون، دیوەخانی ماڵباتەكەشیان هەمیشە شوێنی كۆبوونەوەی هونەرمەندە بەنێوبانگە كۆچكردووەكان بووە و كاریگەریی زۆریان لەسەری دروستكردووە. لە ساڵی 1991 وە لە سوێد نیشتەجێیە، خاوەنی بڕوانامەی ماستەری مافناسیی ئەوروپییە، جگە لە كرمانجی بە سۆرانیش گۆرانی گوتووە، خاوەنی چوار ئەلبوومی گۆرانییە.ئەمەش لینكی گۆرانییەكەیەhttps://www.youtube.com/watch?v=YUNb1qSrOBo&fbclid=IwAR2gJRCBbWdKgEGsvGXi3B-TIbKIteckLFk2tiYPCwdq598H-QX7I9blGfU&app=desktop