تەرمی كوژراوەكەی ماڵی نانسی گەیشتە سووریا
لەم بارەیەوە خانمە پارێزەر(ریهاب مەمدوح بەیتار) لە تویتێكدا چەند نهێنییەكی باس كرد, دەڵێت كە مانگی سووری وڵاتی سوریا ڕەتیان كردەوە گواستنەوەی تەرمەكە لە ئەستۆ بگرن, بۆیە ئەوان ناچاربوون بە ئۆتۆمبێلی تایبەت وە لەسەر ئەركی خۆیان تەرمەكە بگوازنەوە, هەروەها دەڵێت دوای گەیشتنی بۆ دیمەشق لەوێدا دیسانەوە لیژنەیەكی پزیشكی لە تەرمی ئەو كوژراوە دەكۆڵنەوە پێش ئەوەی بە خاك بسپێردرێت .
لە تویتێكی دیكەدا ئەم خانمە پارێزەرە لەسەر سنووری سووریاوە ئاماژەی بەوەدا كە سەرەڕای ئەوەی فادی هاشم گەشت كردنی لێ قەدەغە كراوە بۆ دەرەوەی لوبنان, بەڵام ئەو بڕیاری دادگای پشتگوێ خستووە و گەشتەكانی دەكات, وە هاوژینی كوژراوەكە لەسەر سنوور بە پێی فەرمانی دادگا ڕێگری لێكرا لەگەڵ تەرمەكە بچێتە ناو سنووری سووریاوە .
شایەنی باسە.. لە ماوەكانی ڕابردوو زیاتر ئەوە باس دەكرا كە ئەم ڕووداوەی فادی هاشم لە ماڵەكەی خۆیدا ئەنجامی داوە "بەرگری لە خۆ" نەبووەو كوشتنی بە ئەنقەست بووە, هەروەها لە پشكنین و ئەنجامەكانی پزیشك دەركەوتووە كە محەمەد موسا بە 16 فیشەك كوژراوە, وە لە چەند دوورییەكی جیاواز تەقەكان كراوە, هەروەها هەندێك وەهای بۆ دەچن كە فادی هاشم بە تەنها تاوانەكەی ئەنجام نەدابێت و تەقەكەرێكی دیكە لەوێدا بووبێت .