كۆرۆنا فیلمەكانی جاكی شـان و دانییل كریج دوا دەخات
بڕیار وایە بەشی (٢٥)ی زنجیرە فیلمەكە رۆژی 10ی نیسانی داهاتوو لە ئەمریكای باكوور نمایش بكرێت، كە دەبێتە دوایین بەشی ئەكتەری ناسراو دانییل كریج لە رۆڵی جیمس بۆند، لەم بەشەدا جیمس بۆند لە خزمەت دوورخراوەتەوە و ژیانێكی ئاسایی لە وڵاتی جامایكا بەسەر دەبات، دواتر داوای لێ دەكرێت كە جیهان لە تاوانبارێكی نهێنی رزگار بكات، كە نوێترین چەكی كوشندەی لە بەردەستدایە.
لەلایەكی دیكەوە ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە هۆی دواخستنی نمایشكردنی فیلمی (Vanguard) كە نوێترین فیلمی ئەستێرەی جیهانی (جاكی شان)ـە لە وڵاتی چین، بەشێكی زۆری فیلمەكەش لە دوبەی وێنەی گیراوە.
چین بە یەكێك لە بازاڕە گرنگەكانی سینەمای جیهانی دادەنرێت و بەشی هەرە زۆری فیلمەكان بە ئامادەبوونی پاڵەوانانی فیلمەكان نمایشی تایبەتییان لەو وڵاتەدا دەبێت، بەتایبەتی كە نمایشەكان هاوكات بن لەگەڵ جەژنی سەری ساڵی چینی، كە لە سەرتاسەری جیهاندا بە گەورەترین هەفتەی سینەمایی دادەنرێت، ئەمەش ساڵانە قازانجێكی زۆر بۆ فیلمەكان بەدەست دەهێنێت، كە بە نزیكەی یەك ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، بەڵام هۆڵەكانی سینەما لەو وڵاتە لە سەرەتای ساڵەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەرگاكانی خۆیان داخستووە، بێگومان ئەمەش كار دەكاتە سەر بازاڕی سینەمای جیهانی.