شێرزاد رەسوڵ: كێشەی گەورەمان نەبوونی كارەبای بەردەوام و ساردی و گەرمییە لە هۆڵەكاندا

شێرزاد رەسوڵ: كێشەی گەورەمان نەبوونی كارەبای بەردەوام و ساردی و گەرمییە لە هۆڵەكاندا
دیدار/ كامەران حاجی ئەلیاس


مۆزخانە و ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر، یەكێكە لەو مۆزەخانانەی شاری هەولێر كە خزمەتێكی زۆر بە ئەرشیفكردن دەكات، بەتایبەتی ئەرشیفی پەروەردەیی، كە جگە لە كەسایتییەكانی بواری پەروەردە، ئەرشیف و دەستنووسی كۆمەڵێك لە هونەرمەندان و نووسەران لەخۆدەگرێت و، تاكە مۆزەخانەی پەروەردەییە لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق و لە نێو ئەم مۆزخانەیە، چەندین بەشی جیا جیا هەیە، كە مایەی دەستخۆشین، بە مەبەستی ئاشنابوون بە چۆنیەتیی دروستبوونی مۆزەخانەكە، چاومان بە شێرزاد رەسوڵ بەرپرسی وێنە و دیكۆمێنت لە مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر كەوت و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.

* سەرەتا بیرۆكەی دامەزراندی ئەو مۆزەخانەیە چۆن بوو؟
- بیرۆكەی دامەزراندنی مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر (قوتابخانەی ئەربیل ئولا) بۆ نووسەر و شاعیر مامۆستا (شێخ ئیسماعیل بەرزنجی) دەگەڕێتەوە، ساڵی ٢٠١٠ كاتێك بەرێوەبەری راگەیاندن بوو لە وەزارەتی پەروەردە لە سەردەمی كاك (سەفین دزەیی) وەزیری پەروەردەی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كاتێ بیرخەرەوەیەكی پێشكەش كرد بۆ ئەو مۆزخانەیە و، دوای تاوتوێكردن لەگەڵ كاك (نەوزاد هادی) پارێزگاری پێشووی هەولێر، لە سەر بودجەی پارێزگا قوتابخانەی (ئەربیل ئولا) نۆژەن كرایەوە و كرا بە موزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر .
* بۆچی (قوتابخانەی ئەربیل ئولا)تان هەڵبژارد؟
- لەبەر ئەوەی قوتابخانەی (ئەربیل ئولا) یەكەم باڵەخانەی فەرمییە، كە لە سەردەمی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقدا لە هەولێر دروست كراوە و، لە ساڵی ١٩٣٠وەك قوتابخانەیەكی فەرمی دروست كراوە، واتە ٩٠ساڵ پێش ئێستا، ماوەی ٦٠ساڵ زیاتر خوێندن تیایدا بەردەوام بووە، جێی ئاماژەپێكردنە ئەو باڵاخانەیە پێش ئەوەی ببێت بە مۆزەخانە، ببووە بنكەی پۆلیس، بۆیە بە باش زانرا بكرێتە باڵاخانەی (مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر) بۆ ئەوەی بە نەمری بمێنێتەوە
* ئەو كەسایەتییانەی وێنە و كەلوپەلەكانیان لەوێ دادەنرێت، یان هۆڵیان بە ناو كراوە، لەسەر چ بنمایەك دەبێت؟
- ئەو كەسایەتییانەی هۆڵیان بەناوكراوە، یان یادگارییەكان نمایش كراوە و وێنەیان هەڵواسراوە، پەروەردەكارێكی بەرچاوی ئەم شارە بوون و خزمەتیان بە رەوتی پەروەردە كردووە، یان قوتابیەكی دێرینی ئەم قوتابخانەیە بوون، ئەم قوتابخانەیە زۆر تایبەتە و قوتابخانەیەك بووە لە سەر كورد تاپۆ نەبووە، بەڵكو قوتابی عەرەب و توركمان و كریستیان و جوویشی تێدا بووە و هەرچی نەتەوە و ئایینزا لەم شارە ژیاون، لەم قوتابخانەیە قوتابییان هەبووە، بۆیە بە قوتابخانەی (ئەربیل ئولا) دەگوترێت (قوتابخانەی بەیەكەوە ژیان و تەبایی).
* ئەم مۆزەخانەیە لە چەند هۆڵ پێك دێت؟
- ئەم مۆزەخانەیە لە ١٢هۆڵی جیا جیا پێكهاتووە، كە ئەرشیف و دەستنووسی پەروەردكاران و نووسەران و هونەرمەندان لەخۆدەگرێت.
* سەردانی هاووڵاتیان بۆ مۆزخانەكە لە چ ئاستێكدایە؟
- رۆژانە دەرگای مۆزەخانە واڵایە و بەردەوام خەڵك سەردانمان دەكەن، تا ئێستا زۆرێك لە كونسووڵی وڵاتان وەكو (ئەمریكا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، وڵاتانی عەرەبی و نوێنەری رێكخراوە جیهانییەكان) سەردانی مۆزەخانەكەیان كردووە و رۆژانەش گەشتیاران و هاووڵاتیان و قوتابیانی ناوەندەكانی خوێندن و كۆلیژ و پەیمانگەكان، مۆزەخانەكە بەسەر دەكەنەوە.
* ئەوگرفت و كێشانە چین كە رۆژانە روبەڕووتان دەبێتەوە؟
- تەنیا كێشەی تەكنیكی لە مۆزەخانەی پەروەردە دا هەیە، ئەویش نەبوونی كارەبای بەردەوام و موەلیدە و ساردی و گەرمییە لە هۆڵەكاندا، لە هەمان كاتدا لە رۆژی جیهانیی مۆزەخانەدا بە پێویستی دەزانین داواكاریمان ئاراستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پەروەردە و پارێزگاری هەولێر و بەرێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی هەولێر بكەین، كە وەك تاكە مۆزەخانەی پەروەردەیی لە هەرێمی كوردستان و عێراق گرنگیی زیاتر بە مۆزەخانەی پەروەردە بدرێت، ئێستا موزەخانەكەمان جامخانەی هەیە، كە د.فرسەت سۆفی پارێزگای هەولێر بڕیاری لەسەر داوە و دەستخۆشی لێ دەكەین.
*پڕۆژەی داهاتووتان بۆ برەودان بە مۆزخانەكە چییە؟
- هەر لەگەڵ كردنەوەی مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەی هەولێردا لە ساڵی ٢٠١٤ بیرۆكەی پاشكۆی مۆزەخانەی پەروەردە خرایە روو، كە قوتابخانەی ئەیوبییە وەك پاشكۆیەكی مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر نۆژەن بكرێتەوە، بەڵام قەیرانی دارایی بەسەر داهات، هەروەها كاتی خۆی لە ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە پێشنیاز كرا كە هاوشێێوەی هەولێر لە شارەكانی دیكەش مۆزەخانەی پەروەردە بكرێتەوە، لە هاوینی ساڵی رابردوو بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی گشتیی سلێمانی نوێنەرێكیان نارد، تا سوود لە ئەزموون و بیرۆكەی پڕۆژەی مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر وەربگرن، ئەگەر هاوكاریی زیاتر بكرێین، بیرۆكە و پڕۆژەی باشمان هەیە بۆ ئەوەی زیاتر خزمەت بە مۆزخانەكەمان بكەین، وەك فراوانكردنی باڵاخانەكە، چونكە رۆژ بە رۆژ كەسانێك كە خزمەتیان بە بواری پەروەردە كردووە، پەیوەندیمان پێوە دەكەن.
Top