پریانكا شۆپرا: رێگام بە گوڵ بۆ رانەخرابوو

پریانكا شۆپرا: رێگام بە گوڵ بۆ رانەخرابوو
خانمە ئەكتەری بۆڵیۆد پریانكا شۆپرا رایگەیاند كە خۆی بە ئەكتەری مرۆڤایەتی دەزانێت و هەر رۆڵێك كە پەیامێكی مرۆڤایەتی لە خۆی بگرێت، ئەو ئامادەیە بەرجەستەی بكات، بێ گوێدانە ئایین و نەتەوە و نەژاد و دڵنیاشە كە تێیدا سەركەوتوو دەبێت.
پریانكا لە دیمانەیەكی رۆژنامەییدا دەربارەی قۆناغەكانی ژیانی خۆی گوتی: «دوای ئەوەی لە بۆڵیۆدەوە رووم لە هۆلیۆد كرد، كەسانێك پێیان وابوو من زۆر بەختەوەرم، بەڵام رێگام بە گوڵ نەڕازابۆوە، چونكە من تا سەر ئێسقان هیندیم و بە هەموو زمان و شێوەزارەكانی هیندی قسە دەكەم، كە كەلتووری هیندی پێك دەهێنن، بەڵام لە كاتی نواندندا ئەمانە هەموو بە لاوە دەنێم، چونكە شێوازی هونەر و نواندنی من بەند نییە بە نەتەوە و نەژادی خۆمەوە».
لەبارەی ئەو ئاستەنگ و تەحەدییانەشی كە هاتوونەتە رێی گوتی: «هەوڵی زۆرم دا تاكو بیسەلمێنم كە من لە كاركردندا ئەكتەرێكی جددیم، بە بڕوابەخۆبوون و پشتبەستن بە تواناكانم و نەترسان توانیم بەردەوام بم، چونكە من دوای ئەوەی نازناوی شاجوانی جیهانم بەدەست هێنا، ساڵی 2003 بەشداریم لە فیلمێكی هیندیدا كرد، كە سەركەوتنێكی بێ وێنەی بەدەست هێنا، دواتر بەشداریم لە زنجیرەی (كوانتیكۆ)ی ئەمریكا كرد، كە سێ وەرز بەردەوام بوو، پاشان توانیم بەشداری لە دوو فیلمی ئەمریكیدا بكەم ئەوانیش Bay watch، و Isn›t it romantic. بوون».
پریانكا باس لە كارە خێرخوازییەكانی دەكات و لەو بارەوە دەڵێ: «دوای ئەو سەركەوتنەی لە كارە هونەرییەكانمدا بەدەستم هێنا، بەردەوام بووم لە كاری خێرخوازی، بەتایبەتی دوای ئەوەی وەك باڵیۆزی یۆنسیف بۆ نیازپاكی هەڵبژێردرام، بەڵام جگە لەوەش هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ براكەم كاری خێرخوازیمان ئەنجامداوە، چونكە بڕوام بەوە هەیە كە هەر كەسێك توانایەكی هەبێت، پێویستە بۆ كاری خێرخوازی بەكاری بهێنێت، من وەك خۆم تاكە كەسێكم، بەڵام ئەگەر دەنگم گۆڕانكارییەك درووست بكات، ئەوا بۆ كاری خێرخوازی بەكاری دەهێنم».
Top