هند سەبری: هاوسەرەكەم گرنگی بە كارە هونەرییەكانم نادات
هند زیاتر لە بارەی هاوسەرەكەی گوتی: «هاوسەرەكەم سەیری كارە هونەرییەكانم ناكات و گرنگییان پێ نادات، چونكە بۆچوونی تایبەتی خۆی دەربارەی چاودێریكردنی كارەكانم هەیەو، پێم دەڵێ كە منی خۆش دەوێ، نەك كارەكانم، بە هەمان شێوە باسی كارەكانی خۆیشی ناكات، بەتایبەتی لە ماڵەوە.
هند لە میانەی دیمانەیەكی رۆژنامەییدا گوتی: «زۆر جار پێویستم بە رای هاوسەرەكەم هەیە و داوای لێ دەكەم كە هەندێك لە دیمەنەكان سەیر بكات، ئەویش سەرەڕای ئەوەی كە خۆشحاڵیی خۆی دەردەبڕێ بە چەند دیمەنێكی فیلم و زنجیرە دراماكان، بەڵام ئامادە نییە بۆ بینینی نمایشی فیلمەكان لەگەڵم بێت».
لە لایەكی دیكەوە هند رایگەیاندووە كە ئەو كەسێكە حەز دەكات زیاتر كاتەكانی لە ماڵەوە بەسەر بەرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی بووە بە دایك، چونكە وە خۆی دەڵێت، كاركردن و دایكایەتی بە یەكەوە لە یەك كاتدا زۆر زەحمەتە و زۆر جار هونەرمەند كە دایك بێت، پێویستە لەپێناو سەركەوتن لە هەردوو بواردا قوربانی بە زۆر شت بدات، هەروەها تیشكی خستە بەرگریكردن لە مافی ئافرەتان و لەو بارەیەوە دەڵێت: «خۆم بە بەرگریكار لە مافی ئافرەتان دەزانم، بێ ئەوەی كە خەباتگێڕ بم لەو بوارەدا، چونكە بەرگریكردن لە مافی ئافرەتان كاردانەوەیەكی سرووشتییە بەرامبەر بەو هەموو زوڵمەی سەرتاسەری جیهاندا لە ئافرەتان دەكرێ، هاوكات ماوەی 25 ساڵە كاری هونەری ئەنجام دەدەم، بۆیە ئارەزوویەكی زۆرم هەیە كە باس لە چەند كێشەیەكی نێو كۆمەڵگە بكەم، شانازییش بەوەوە دەكەم كە تونسیم، چونكە ئێمەی تونسی مێژوویەكی پرشنگدارمان لە بەرگریكردن لە ئازادییەكان بەگشتی و مافەكانی ئافرەت بەتایبەتی هەیە.