هانی شاكر لە نێوان بڕیاردان و پاشگەز بوونەوە

هانی شاكر لە نێوان بڕیاردان و پاشگەز بوونەوە
لە ماوەكانی ڕابردوودا گۆرانیبێژی میسری(محەمەد ڕەمەزان) بە تێكستی جۆراوجۆر و بە شێوەی نیمچە ڕووت لەسەر ستێج كۆنسێرتی ئەنجامدا, ئەم بابەتە بووە مایەی ڕەخنە و لێپرسینەوە, بەم هۆیەوە هونەرمەند و سەرۆكی گشتی میوسیزیان (هانی شاكر) هاتە دەنگ و ڕەخنەی تووندی ئاراستەی محەمەد ڕەمەزان كرد .

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو سەندیكای میوسیزیانی میسری ناوی چەند هونەرمەندیك كە پێیان دەگوترێت "گۆرانیبێژی فێستیڤاڵەكان" خستە ناو لیستی ڕەشەوە, بەشێوەیەك كە بۆیان نییە كۆنسێرت ساز بكەن وە بە هەموو كافتریا و شوێنە گەشتیارییەكان ڕاگەیەندرا كە گرێبەسیان لەگەڵ واژوو نەكەن و ئەمە بڕیارێكی فەرمییە پێچەوانەكەشی سزای یاسایی بەدواوە دەبێت, یەكێك لەو هونەرمەندانە (محەمەد ڕەمەزان) بوو كە زۆر ڕۆژنامە و میدیا عەرەبییەكان باسیان لێوە دەكرد .

بەم هۆیەوە هانی شاكر لە كەناڵێكی وڵاتی میسر لە ڕێی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە ڕایگەیاند كە گۆرانی فێستیڤاڵەكان بەو شێوەیەی دوورن لە داب و نەریت و هونەری میسری, وە بە جۆرێك پێناسەی كرد كە ئەو نمایش و تێكستانەی سەر ستێج, هونەری گۆرانی پێ ناوترێت .
هانی شاكر سووڕ بوو لەسەر ڕەخنەكانی بەرامبەر ئەو هونەرمەندانە و ڕایگەیاند كە ئەم بڕیارانە لەبەرژەوەندی كۆمەڵگا و پاراستنی تاكەكانی وڵاتی میسرە, سەبارەت بەو پرسیارەی كە ئاراستەی كرا بە دەركەوتنی محەمەد ڕەمەزان لە فێستیڤاڵەكان, هانی شاكر ڕایگەیاند كە ئەگەر محەمەد ڕەمەزان ڕاپ پێشكەش بكات ئەوە دەتوانێت كارە هونەرییەكەی ئەنجام بدات, وە ئاماژەی بەوەدا كە "بەشێكی نوێ" هەیە هێشتا فەرمی نییە پێی دەگوترێت بەشی فێستیڤاڵەكان كە زیاتر تایبەتمەندە بە گۆرانیبێژە میللیەكان, لەوێدا گۆرانیبێژەكە تاقی دەكرێتەوە و ڕێنماییەكان وەردەگرێت .

لە درێژەی ووتەكانی هانی شاكر ئاماژەی بەوەدا كە محەمەد ڕەمەزان شتێكی وەكو ڕاپ پێشكەش دەكات نەك گۆرانی وە ئەوەی دەیڵێت لەسەر ستێج تەنها قسەو ووشە دەربڕینە, وە ئاماژەی بەوەدا كە ڕاپەریش مەرجی خۆی هەیە و پێشتر بەشێكی تایبەت بەو جۆرە هونەرە دامەزراوە, وە دەبێت ڕێنماییەكانی سەندیكا جێبەجێ بكات و بزانێت چی دەڵێت و چی دەپۆشێت واتا تایبەتمەندی هونەرمەندی هەبێت, هەروەها سەبارەت بە محەمەد ڕەمەزان, هانی شاكر ڕایگەیاند بەپێی دەنگی ئەندامانی سەندیكا گەیشتنە ئەو بڕیارەی ناوی لە نێو ئەو كەسانە نەبێت كەلە گۆرانی چڕین قەدەغە كراون و محەمەد ڕەمەزان دەتوانێت لە فێستیڤاڵەكاندا كۆنسێرت سازبكات .
Top